لە حودەیدە زیاتر لە 50 چەکداری حووسی کوژران

لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی یەمەن و چەکدارانی گرووپی حووسی لە باشووری پارێزگای حودەیدە، زیاتر لە 50 چەکداری حوسی کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون. 

وەلید قەدیمی، وەزیری دەوڵەت لە حکومەتی یەمەن رایگەیاند؛ شەڕەکە لە بەرەی جەبەل دۆباس لە باکووری شاری حەیس روویداوە، هێزەکانی لیواکانی زەرانیقی تیھامی بەرپەرچی هێرشێکی بەرفراوانی حووسییەکانیان داوەتەوە و زیاتر لە 50 چەکداری حووسی کوژراون و 15 سەربازی هێزەکانی حکوومەتیش گیانیان لەدەستداوە.

بەرپرسانی یەمەن ئاماژە بەوە دەکەن، حووسییەکان پەنایان بۆ هێرشی خۆکوژی بردووە بە مەبەستی شکاندنی هێڵە بەرگرییەکانی سوپا و پێشڕەویکردن بەرەو ناوچە ئازادکراوەکانی باشووری حودەیدە، بەڵام هێرشەکەیان تێکشکێنراوە و ناچار بە پاشەکشە کراون.

رەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی سەرۆکایەتی یەمەن، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ تاریق ساڵح ئەندامی ئەنجوومەنەکە ئەنجامدا و ستایشی قارەمانییەتی هێزەکانی سوپای کرد. عەلیمی جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشی سەربازی کردەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەوڵێک کە زیان بە سەقامگیری وڵات بگەیەنێت.

ئەم شەڕە لە ئێوارەی هەینییەوە دەستی پێکردووە و تێیدا هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووک بەکارهێنراوە، ئەمەش وەک مەترسییەک دەبینرێت بۆ سەر ئەو ئارامییەی لە دوای نیسانی 2022 لە یەمەن باڵی کێشابوو.