ناتانیاهۆ هەوڵی دیدارێکی بەپەلە لەگەڵ ترەمپ دەدات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رێکخستنی کۆبوونەوەیەکی خێرا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند؛ ناتانیاهۆ ئارەزوو دەکات ئەم دیدارە هەر ئەم هەفتەیە و راستەوخۆ دوای گەڕانەوەی ترەمپ لە لووتکەی ناتۆ لە تورکیا ئەنجام بدرێت، ئەگەرچیش بەهۆی پابەندییەکانی سەرۆکی ئەمریکاوە هێشتا وادەی کۆتایی دیاری نەکراوە و ئەگەری هەیە بۆ هەفتەی داهاتوو دوابکەوێت. ئەم کۆبوونەوەیە ئەگەر بێت و ئەنجام بدرێت، دەبێتە هەشتەمین دیداری نێوان هەردوو سەرۆک لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
بەگوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییەکان کە میدیاکان بڵاویان کردووەتەوە، ناتانیاهۆ چەند ئامانجێکی سەرەکی لەم دیدارەدا هەیە، کە گرنگترینیان بنیاتنانەوەی متمانەی نێوانیانە. ئەم متمانەیە دوای جەنگ لەگەڵ ئێران درزی تێکەوتووە، بەتایبەت هەندێک لە نزیکەکانی ترەمپ پێیان وایە ناتانیاهۆ لە هەڵسەنگاندنەکانیدا بۆ جەنگی ئێران هەڵەی کردووە. لە کۆتا دیداریاندا لە 11ـی شوبات، ناتانیاهۆ پلانێکی بۆ رووخاندنی دەسەلاتی ئێران خستبووە روو، بەڵام بەرپرسانی ئەمریکی لەو کاتەدا ئەو پلانانەیان بە نادروست وەسف کردبوو. لە بەرامبەردا ئیسرائیل دەڵێت پلانەکانی ئەوان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بووە و جەخت دەکاتەوە، واشنتن نەیویستووە هەنگاوە پێویستەکان بنێت، بەتایبەت بەکارهێنانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی تاران.
لە لایەکی دیکەوە، ناتانیاهۆ دەیەوێت پێش دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، زانیارییە هەواڵگرییەکانی خۆیان بخەنە روو. ئیسرائیل داوا دەکات، هەر رێککەوتنێکی نوێ دەبێت مەرجی توندی تێدا بێت، وەک دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێران، قەدەخەکردنی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم، و پرسی مووشەکە بالیستییەکان و پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە.
ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات ترەمپ قایل بکات، لەم خاڵانەدا هیچ نەرمییەک بەرامبەر تاران نیشان نەدات.
سەبارەت بە دۆسیە ناوچەییەکانی دیکەیش، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەیەوێت پرسی کشانەوەی سوپاکەی لە شریتی ئەمنیی لوبنان و دۆخی غەززە تاوتوێ بکات. ئەو جەخت دەکاتەوە، هەر ئاوەدانکردنەوەیەک لە غەززە دەبێت دوای چەککردنی تەواوەتی ئەو ناوچەیە و لەناوبردنی حەماس بێت، هەرچەندە واشنتن ئێستا پشتگیری لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورە بۆ ئەم مەبەستە ناکات. هەروەها ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات ترەمپ پەشیمان بکاتەوە لە فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی F-35 بە تورکیا، ئەمەش بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی لەم دواییانەدا لە نێوان ئەنقەرە و تەلئەڤیڤدا دروست بووە.
چاوەڕوان دەکرێت هەردوو لا باس لە فراوانکردنی رێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و گۆڕینی شێوازی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوانیان بکەن. ئیسرائیل دەیەوێت پەیوەندییە ئەمنییەکانی لەگەڵ ئەمریکا لە شێوازی "هاوکاری دارایی راستەوخۆوە بگۆڕێت بۆ شەراکەت و هاوکاری لە بواری تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و پیشەسازی بەرگری"، هاوکات باس لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیلیش دەکرێت کە واشنتن خواستی لەسەرە.