پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پێشنیازە ‌یاسا دەکات

پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکەم کۆبوونەوەی وەرزی دووەمی یاسادانان ساز دەکات و بڕیارە خوێندنەوەی یەکەم بۆ چوار پێشنیازە یاسای گرنگ بکرێت، کە دیارترینیان پێشنیازە یاساکانی پاڵپشتی داراییە بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی و یاسای تاوانەکانی تەکنۆلۆژیای زانیارییە.

دوای 30 رۆژ پشوو، بڕیارە کاتژمێر 1ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، پەرلەمانی عێراق لەسەر چوار تەوەری پێشنیازە یاسای گرنگ لەخۆدەگرێت کە بڕیارە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ بکرێت.

بە گوێرەی ئەو کارنامەیەی بڵاوکراوەتەوە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازە یاسای تاوانەکانی تەکنۆلۆژیای زانیاریی (سایبەر)، کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی یاساییەوە ئامادەکراوە و لە 32 ماددە پێکهاتووە.

لە تەوەری دووەمدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەموارکردنی یەکەمی یاسای چاودێریکردنی نەوجەوانان" ژمارە 78ی ساڵی 1980، کە لەلایەن لیژنەی یاساییەوە ئامادەکراوە و لە 26 ماددە پێکهاتووە؛ هاوکات تەوەری سێیەم، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەموارکردنی یاسای "پارێزەرایەتی" ژمارە 173ی ساڵی 1965، لەلایەن لیژنەی یاساییەوە پێشکەشکراوە و لە 27 ماددە پێکهاتووە دەکرێت.

هەروەها لە بڕگەی چوارەمدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای دابینکردنی دارایی بۆ بەهێزکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانیی عێراق دەکرێت، کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادەکراوە و لە 8 ماددە پێکهاتووە.

پشووی وەرزی یەکەمی یاسادانانی ساڵی یەکەم لە خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە 28ـی ئایاری دەستیپێکرد و بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانەکە، 30 پشووی یاسادانانیان بەڕێکرد و لە ئەمڕۆوە کۆبوونەوەکانیان دەستپێدەکاتەوە.