رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی لە تاران دەستیپێکرد
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەممووزی 2026، بە بەشداری هەزاران کەس رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی لە شەقامەکانی تارانی پایتەخت دەستیپێکرد و بڕیارە بۆ ماوەی 10 کاتژمێر بەردەوام بێت.
بەگوێرەی تەلەڤزیۆنی فەرمی ئێران، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی دەستیپێکرد و تەرمەکەی بە نێو شەقامەکانی تاراندا دەگەڕێندرێت، پێشبینیش دەکرێت رێوڕەسمەکە نزیکەی 10 کاتژمێر بخایەنێت.
لەلایەکی دیکەوە، جەنەڕاڵ حەسەن حەسەن زادە رایگەیاند: "داوا لە جەماوەر دەکەین بە هێمنی روو لە مەیدانی ئازادی بکەن"، کە بڕیارە رێوڕەسمەکە لەوێ کۆتایی پێبێت.
ئەم داوایەی جەنەڕاڵ حەسەن لە کاتێکدایە، دەسەڵاتدارانی تاران ترسیان لە دووبارەبوونەوەی رووداوی قەرەباڵخی و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان هەیە، هاوشێوەی ئەوەی لە ساڵی 1989 لە کاتی بەخاکسپاردنی ئایەتوڵڵا خومەینی، رێبەری پێشووتری ئێران روویدا.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە، لە ساڵی 1981 تا ساڵی 1989 سەرۆککۆماری ئێران بووە دواتر هەر لە ساڵی 1989 بووە بە رابەری ئێران،لە تەمەنی 86 ساڵی، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی 28ی شوباتی 2026 کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.