دەشتی ناوکوڕ بووەتە "پایتەختی پەتاتە" و سەرچاوەی بژێویی هەزاران کەس
لە وەرزی هەڵکەندنی پەتاتە لە دەشتی ناوکوڕی سنووری پارێزگای دهۆک، هەلی کار بۆ زیاتر لە سێ هەزار گەنجی ناوچەکە رەخساوە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە لەو دەشتە بگاتە سەرووی 200 هەزار تۆن.
دەشتی ناوکوڕ یەکێکە لە ناوچە کشتوکاڵییە گرنگەکانی کوردستان و ساڵانە بەرهەمێکی زۆری پەتاتە دابین دەکات. لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمەکە، رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و ئافرەتان روو لە کێڵگەکان دەکەن بۆ کارکردن. ئەوان لە بەرەبەیانەوە تاوەکو پێشنیوەڕۆ سەرقاڵی کۆکردنەوەی پەتاتەن و لەرێگەی ئەم کارەوە بژێویی ژیانیان پەیدا دەکەن.
سائیب شەعبان، کرێکارێکە لە یەکێک لە کێڵگەکان، دەڵێت، "ئەم کارە رۆژانەیە، لە کاتژمێر چواری بەیانییەوە دەست پێدەکەین تاوەکو نۆی بەیانی. زۆربەی کرێکارەکان لە قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخانەوە دێن. کارەکەمان زۆر باشە، ئەگەر ئەمە نەبێت هەموومان بێکار دەبین".
موهەنەد خەلیل، یەکێکی دیکەیە لە کرێکارەکان، ئاماژە بەوە دەکات رۆژانە بەردەوامن لە کارکردن و هەندێک جار تاوەکو کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ دەمێننەوە و بژێویی خێزانەکانیان دابین دەکەن.
هاوکات، پەیوەند سدقی، کرێکارێکی دیکەی گەنجە، جەخت لە گرنگیی رەخساندنی ئەم دەرفەتانە دەکاتەوە و روونی دەکاتەوە ئەم جۆرە کارانە هۆکارێکی باشن بۆ دوورخستنەوەی گەنجان لە بێکاری.
لەلایەکی دیکەوە، زیرەک رەمەزان، جووتیار و خاوەنکار لە دەشتی ناوکوڕ، باسی لە قەبارەی کارەکە کرد و گوتی، "رۆژانە سێ بۆ چوار هەزار کرێکار تەنیا لە شێخان، بەردەڕەش، رۆڤیا و ئاکرێوە دێنە ئێرە. لەسەر هەر زەوییەک نزیکەی 150 بۆ 200 کرێکار کار دەکەن".
لەکاتی هەڵکەندنی پەتاتەکاندا، ئامێرە کشتوکاڵییەکان بەرهەمەکە دەهێننە سەر زەوی و دواتر کرێکارەکان بە دەستیان کۆی دەکەنەوە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی دهۆک، ئەمساڵ 18 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە چێندراوە و چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمەکەی زیاتر بێت لە 200 هەزار تۆن.
پەیامنێری کوردستان 24، ئاری حوسێن لە دەشتی ناوکوڕەوە رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار کەس لە هەردوو رەگەز لەم کێڵگانەدا کار دەکەن و پرۆسەی هەڵکەندنی پەتاتەش تاوەکو مانگی 11 بەردەوام دەبێت.
دەشتی ناوکوڕ دەکەوێتە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک و بە یەکێک لە بەپیتترین ناوچە کشتوکاڵییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت. ئەم دەشتە لەسەر ئاستی عێراق بە "پایتەختی پەتاتە" دەناسرێت، بەهۆی ئەوەی ساڵانە سەدان هەزار تۆن پەتاتەی کوالێتی بەرز بەرهەم دەهێنێت.
لە چەند ساڵی رابردوودا، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی بێوێنەی بە کەرتی کشتوکاڵ داوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات. یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان قەدەخەکردنی هاوردەی پەتاتە بووە لە کاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆدا، ئەمەش وای کردووە جووتیاران تووشی زیان نەبن و بەرهەمەکانیان ساخ ببێتەوە.