ژاپۆن و ئوسترالیا هۆشداری دەدەنە چین

دوای ئەوەی چین تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی دوورمەودای لە زەریای هێمن کرد، هەریەکە لە ژاپۆن و ئوسترالیا ناڕەزایەتیی خۆیان پیشاندا و هۆشدارییان لە تێکچوونی سەقامگیریی ناوچەکە دا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، حکوومەتی ژاپۆن رایگەیاند، پێشوەختە لەلایەن بەیژینگەوە لەم تاقیکردنەوەیە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام ئەوان بە داوایان لە چین کردووە دووبارە بە بڕیاری هاوێشتنی مووشەکەکەدا بچێتەوە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشی چەند وەزارەتێکی ژاپۆندا لەوانە وەزارەتی بەرگری و دەرەوە هاتووە "داوایەکی جیددیمان پێشکەش کردووە بۆ پێداچوونەوە بە هاوێشتنی ئەم مووشەکە بالیستییە تاقیکارییە، ئەمەش لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی ژاپۆن، بەتایبەت کە مووشەکەکە بە ناوچەی ئاسمانیی وڵاتەکەماندا تێپەڕ دەبێت و نەبێتە هۆی دروستکردنی هیچ هەڕەشەیەک."

لە لایەکی دیکەوە پێنی وۆنگ، وەزیری دەرەوەی ئوسترالیا، هۆشداریی دا لەوەی تاقیکردنەوەی مووشەکیی دوورمەودای چین لە باشووری زەریای هێمن دەبێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

وۆنگ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی "ئوسترالیا بە روونی ئەوەی بە چین راگەیاندووە، ئێمە ئەم جۆرە کارانە بە هۆکارێک بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە دەبینین."

پشتڕاستکردنەوەی ئەم تاقیکردنەوەیە لەلایەن چینەوە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە ئوسترالیا رێککەوتننامەیەکی هاوپەیمانیی بەرگریی لەگەڵ دوورگەکانی فیجی لە زەریای هێمن ئیمزا کرد.