لەندەن.. پێشانگەی "تاریکی ئەنفال" راستییەکانی مێژووی ئەنفالی خستە بەردەم بینەران

عوسمان ئەحمەد، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، نوێترین پێشانگەی خۆی لەژێر ناوی "تاریکی ئەنفال"، لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا کردەوە و دەڵێت، "ناوەڕۆکی پێشانگەکە لەسەر دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانە بنیات نراوە کە لە ساڵی 1988 لە دژی گەلی کورد ئەنجام دران.

هەر تابلۆیەک هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی بەشێک لەو مێژووە بە زمانی هونەر، زمانێک کە هەست و ئازار و بیرەوەرییەکان، بەهێزتر لە وشەکان دەگوازێتەوە."

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تەمموزی 2026، عوسمان ئەحمەد، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی گوت، "پێشانگەی "تاریکی ئەنفال"، یەکێکە لەو پێشانگە هونەرییانەی کە سنووری پیشاندانی تابلۆ تێدەپەڕێنێت و دەبێتە بەڵگەنامەیەکی بینراو بۆ پاراستنی مێژوو و یادەوەریی یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی سەردەمی هاوچەرخی کوردستان. لەم پێشانگەیەدا من بە زمانی وێنە و شێوەکاری، بەشێکی گرنگ لە تراژیدیای ئەنفال و کاریگەرییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانم خستە بەردەم بینەر."

عوسمان ئەحمەد گوتیشی، "ناوەڕۆکی پێشانگەکە لەسەر دۆکیۆمێنتکردنی ئەو تاوانانە بنیات نراوە کە لە ساڵی 1988 لە دژی گەلی کورد ئەنجام دران. هەر تابلۆیەک هەوڵێکە بۆ گێڕانەوەی بەشێک لەو مێژووە بە زمانی هونەر، زمانێک کە هەست و ئازار و بیرەوەرییەکان بەهێزتر لە وشەکان دەگوازێتەوە. وێنەکان بینەر دەبەنە ناو ژیانی ئەو خێزانانەی کە لە کارەساتەکەدا کەسە نزیکەکانیان لەدەستداون، گوندە وێرانکراوەکان، کۆچپێکردنی زۆرەملێ، گۆڕەبەکۆمەڵەکان و ئەو بێدەنگییەی دوای تاوانەکە بەجێ ماوە."

ئەو شێوەکارە باس لە پیشاندانی کارە هونەرییەکانی خۆی دەکات و دەڵێت، "کارە هونەرییەکانم بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەوڵی پیشاندانی دیمەنە دڵتەزێنەکانی ئەنفال نادەن، بەڵکو لە رێگەی رەمز، رەنگ، سایە و پێکهاتەی هونەری، هەستی ترس، دڵەڕاوکێ، نامۆیی، ونبوون و چاوەڕوانی دەگوازنەوە. ئەم شێوازە وای کردووە بینەر تەنیا سەیرکەری تابلۆ نەبێت، بەڵکو ببێتە بەشێک لە چیرۆکی ناو کارە هونەرییەکان و لە هەر وێنەیەکدا مانایەکی قووڵتر بدۆزێتەوە."

عوسمان ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا، "لە بەشێکی دیکەی ناوەڕۆکی پێشانگەکەدا، جەختم لەسەر پاراستنی بیری کۆمەڵایەتیی و بەرپرسیارێتی نەوەکانی داهاتوو کردۆتەوە. پەیامی سەرەکی ئەم کارانەی من ئەوەیە کە مێژوو نابێت لەبیر بکرێت و دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی، هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان. بۆیە هونەر لەم پێشانگەیەدا تەنیا ئامرازێکی جوانکاری نییە، بەڵکو ئەرشیفێکی زیندووە کە بە زمانی وێنە، ئەو راستییانە تۆمار دەکات کە نابێت بە تێپەڕبوونی کات ون ببن."

دەربارەی پیشاندانی هەر تابلۆیەک وەک بەڵگەیەکی هونەری لەو پێشانگەیەدا، عوسمان ئەحمەد دەڵێت، "هەر تابلۆیەک لە پێشانگەکە وەک بەڵگەیەکی هونەری مامەڵە لەگەڵ مێژوو دەکات و باس لە ژیانە ناتەواوەکان، منداڵە ونبووەکان، دایکە چاوەڕوانەکان و ئەو خەمانە دەکات کە هێشتا لە بیری گەلی کورددا زیندوون. لە هەمان کاتدا، کارەکان بانگەوازێکن بۆ دادپەروەری، ناساندنی جینۆساید و رێزگرتن لە یادی قوربانیان."

پێشانگەی شێوەکاری "تاریکی ئەنفال"، رۆژی یەکشەممە، 5ی تەمموزی 2026، لە لەندەنی پەیتەختی بەریتانیا، لە گەلەری هەزارەی نوێ کرایەوە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

عوسمان ئەحمەد، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، لەساڵی 1962 لە سلێمانی لەدایکبووە. ئەو هونەرمەندە خۆی یەکێکە لە رزگاربووانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال؛ کەمبوونی دۆکیومێنت و نەبوونی گوزارشتێکی شایستە لەو کارەساتە، وای لێکردووە ژیانی خۆی تەرخان بکات بۆ نیشاندانی رووداوە دڕندانەکانی ئەنفال لە روانگەی خۆی و قوربانیانی دیکەوە. ناوبراو بەرهەمە هونەرییەکانی، وێناکردنێکی بینراوی ئەو یادەوەرییە ترسناک، شێوێندراو و پچڕپچڕانەن کە لە ناخدا ماونەتەوە.