زیاتر لە 100 هەزار کارتی بانکی خانەنشینان ئامادەیە بۆ وەرگرتنەوە
پرۆژەی هەژماری من رایدەگەیەنێت، 100 هەزار کارتی بانکی خانەنشینان ئامادەیە بۆ وەرگرتنەوە و داوا لە خانەنشینان دەکات، هەتا 31و ئابی 2026 کارتەکانیان وەربگرن بۆ ئەوەی هیچ بڕینێک لە وەرگرتنی مووچەکانیان روونەدات.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی پرۆژەی هەژماری من، ئەو خانەنشینانەی کارتەکانیان ئامادەیە، کورتەنامەیەکیان لەلایەن پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ دەنێردرێت. هەر کەسێک ئەم کورتەنامەیەی پێبگات، پێویستە بە زووترین کات سەردانی ئەو بانکە بکات کە لە کورتەنامەکەدا بۆی دیاریکراوە، بۆ وەرگرتنی کارتی بانکی خۆی.
ئەم هەنگاوە لە دوای ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ دێت، کە بە پێی رێککەوتنەکە، تا 31ی ئابی 2026 مۆڵەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دراوە بۆ تەواوکردنی خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی کارتی بانکی پڕۆژەی "هەژماری من"، پێش ئەوەی مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بوەستێندرێت.
بۆچی کارتەکەت وەربگریت؟
● بۆ ئەوەی مووچەکەت نەبردڕێت
● دەستگەیشتن بە مووچە لە ڕێگەی ATM و لقەکانی بانکە هاوبەشەکان.
● سوودمەندبوون لە خزمەتگوزاریی بانکی پارێزراو و هەمەجۆر.
کورتەنامەی کارتی بانکی لەلایەن پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ هەموو ئەو مووچەخۆرانە دەنێردرێت کە کارتەکانیان ئامادەیە بۆ وەرگرتن. ئەم ئاگادارکردنەوەیە لە رێگەی ڤایبەر، وەتسئەپ و کورتەنامە (SMS) دەنێردرێت و ناوی ئەو بانکەشی تێدایە کە هەر سوودمەندێک پێویستە سەردانی بکات بۆ وەرگرتنی کارتەکەی.