ماکرۆن: هاتووم جەخت لە پابەندبوونی فەرەنسا بەرامبەر بە گەلی سووریا بکەمەوە

سەرۆکی فەرەنسا بۆ ئەنجامدانی سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا؛ ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکێکی وڵاتێکی رۆژئاوای ئەوروپایە لە دوای گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2024 و رووخانی رژێمی پێشوو، کە ئامانجی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێیە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا.

دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026 ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە گەشتێکی مێژوویی گەیشتە دیمەشق و لە لایەن ئەسعەد شەعبانی، وەزیری دەرەوەی سووریاوە پێشوازیی لێکرا. ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکی دەوڵەتێکی رۆژئاوای ئەوروپایە بۆ سووریا لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا.

کۆشکی ئەلیزێ پێش گەیشتنی ماکرۆن راگەیاند، سەرۆکی فەرەنسا کە بڕیارە رۆژی سێشەممە سووریا جێبهێڵێت، جەخت لەسەر پاڵپشتیی پاریس بۆ پەرەپێدانی سووریایەکی ئازاد، هەمەچەشن کە رێز لە تەواوی پێکهاتەکانی بگرێت دەکاتەوە، لەگەڵ هاندانی دیمەشق بۆ گێرانی رۆڵێکی ئەرێنی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دوای گەشتەکەی بۆ سووریا، پەیامێکی کورتی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی: "من هاتووم لێرە جەخت لە پابەندبوونی توندی فەرەنسا بەرامبەر بە گەلی سووریا بکەمەوە و کار دەکەین بۆ دەستەبەرکردنی سووریایەکی سەروەر، یەکگرتوو لە تەواوی فرەچەشنییەکەی خۆیدا، و ئاشتیخواز لەگەڵ سەرجەم دراوسێکانی.

سەرۆکی فەرەنسا گەشبینیی خۆی بۆ داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشاندا و ئاماژەی دا، "با پێکەوە، لاپەڕەیەکی نوێی پڕ لە سەقامگیری و ئاشتی لە مێژووی ناوچەکەدا بکەینەوە.

ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی سەرۆکێکی فەرەنسایە لە دوای سەردانەکەی نیکۆلا سارکۆزی لە ساڵی 2009دا، بەرلەوەی رژێمی پێشوو خۆپیشاندانە دیموکراسییەکانی ساڵی 2011 سەرکوت بکات کە جەنگێکی ناوخۆیی لێکەوتەوە و بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس و وێرانبوونی ژێرخانی گشتیی ئەو وڵاتە.

ئەحمەد شەرع، دوای بووە سەرۆکی سووریا لە کۆتایی ساڵی 2024ەوە، هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و بووژاندنەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی سووریا. هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا (سانا) ئەم گەشتەی ماکرۆنی بە "هەنگاوێکی چارەنووسساز لە پرۆسەی گەڕانەوەی پێگەی نێودەوڵەتیی سووریا" وەسف کرد، و رایگەیاند پەیوەندییەکانی سووریا و فەرەنسا پێ دەنێنە قۆناخێکی نوێ لەسەر بنەمای رێزی هاوبەش و هاوبەشیی هاوسەنگ.