ئەعرەجی: بڕینی دارایی تیرۆر و توندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان ئەولەویەتی حکوومەتە
راوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بڕوای تەواوی هەیە هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری، رێگەی سەرەکییە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی ناوچەکە؛ جەختیشی کردەوە، بنبڕکردنی توندڕەوی و پشتگیریکردنی گەشەپێدان مەرجی بنەڕەتین بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام.
دووشەممە 6ـی تەممووزی 2026، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بڕوای وایە هاوکاریی ئەمنی و هەواڵگری، بناخەیەکی بنەڕەتییە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا.
ئەعرەجی روونیکردەوە، ئەم هاوکارییە لە رێگەی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی ئاڵوگۆڕی زانیاری، هەماهەنگیکردنی هەوڵە هاوبەشەکان، بەرەنگاربوونەوەی دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر و توندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنوورەکان بەدی دێت، بە شێوازێک کە توانای هێزەکان بۆ پێشبینیکردنی مەترسییەکان و بەرپەرچدانەوەی کاریگەرانەی تەحەدییەکان بە شێوەیەکی کارامە بەرز دەکاتەوە.
راوێژکاری ئاسایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەش دا، دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەردەوام هاوتای گرتنەبەری رێکارە سەربازی و ئەمنییەکان، پێویستی بە چارەسەرکردنی هۆکارە ریشەییەکانی سەرهەڵدانی توندڕەوی، چەسپاندنی بەها مۆدێرنەکانی میانڕەوی، پشتگیریکردنی گەشەپێدانی ئابووری، و بەهێزکردنی هاوکاریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە؛ بە شێوازێک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بپارێزێت و خواستەکانی گەلانی ناوچەکە بۆ گەیشتن بە ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەدی بهێنێت.