کوردێک گەورەترین کێڵگەی بەرهەمهێنانی تەماتەی لە ئێران دروست کردووە

ئەمە گەورترین کێلگەی داپۆشراوی ئێران بۆ بەرهەم هێنانای تەماتەیە. قۆناخی یەکەمی ئەم کێڵگەیە لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا لە شاری دیواندەرەی پارێزگای سنە، بە هەولێر سەرمایەدارێکی کورد دروست کراوە. پڕۆژەکە بە هەوڵی سەرمایەدارێکی کورد دامەزراوە و بڕیارە بەشی دووهەمیشی لەسەر رووبەری 50 هەزار مەتر دووجا دروست بکرێت.

شاهروخ کەریمی، خاوەنی کێڵگەی داپۆشراوی بوژانە، بە کوردستان24ـی گوت" بە پشتبەستن بەوەی کە پارێزگای سنە، بەتایبەت ناوچەی قزڵئۆزەن، ناوچەیەکی زۆر تایبەتە لە رووی ئاووهەواوە، کە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کەشناسی وڵات لە50 ساڵی رابردوودا، باشترین ناوچەیە بۆ دروستکردنی گوڵخانە (خانوی پلاستیکی). ئێمەش بەپێی لێکۆڵینەوە و کارناسییەک کە لەلایەن کارناسە بیانییە شارەزاکانەوە ئەنجامدراوە، هەروەها لەم کێڵگەیە دا باشترین ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای تێدا بەکارهاتووە.

لەلای خۆیەوە، بێهنام یاری، بەرپرسی تەکنیکیی کێڵگەی داپۆشراوی بوژانە "زۆر رازیم لەو ئامێرانە و کارەکەمان ئەوەندە عەزیەتی نییە و بە ئارامی کارەکانمان بەڕێوە دەبەین، چونکە سیستمەکانمان زۆر پێشکەوتوون، لێرە کەمتر ماندوودەبین، پێشتر لە گوڵخانەی دیکە کارم کردووە کە سیستمەکانیان کۆن بووە و زۆر ماندووبووین، بەڵام لێرە زۆر ئاسانتر و بە ئاسایشەوە خەریکی کارکردنین."

کێلگەکە بە پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیای سەردەم تەیار کراوە و سەرجەم قۆناخەکانی ئاودێری و کۆنترۆڵی گەرما و شێ بە شیوەی ئوتوماتیکە، بەکار هێنانی شووشەی زیرەک بۆ داپۆشینی کێڵگەکە وای کردووە، رادەی تیشکی خۆریش بە گوێرەی پێداویستیی شوێنەکە سنووردار بکرێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی ئەم شوێنەش کشتوکاڵی بە بێ خاکە و ریشەی شەتڵی تەماتە لە جێی خاک لە ناو ئاودا گەشە دەکات.

ئەم کێڵگەیە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا دەتوانێ تەمامەت بەرهەم بێنێت. لە هەر خولێکی بەرهەمهێناندا 2500 تۆن لە چەندین جۆر تەمامەتەی لێ بەرهەم دێت و زۆربەی بەرهەمەکەشی هەناردەی رووسیا دەکرێت. ئەم پڕۆژەیە هەلی کاری راستەوخۆی بۆ 100 کەس لە خەڵکی ناوچەکە رەخساندووە و بە جێبەجێکرانی قۆناغی دووەمیشی جیا لەوەی بەرهەمەکەی دوو ئەوەندە زیاد دەکات، هەلی کاری راستەوخۆ بۆ سەد کەسی دیکەش دابین دەکرێت.