چوارچێوەی هەماهەنگی پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تاوتوێ کرد

چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا و تێیدا تیشکی خستە سەر سێ مەلەفی سەرەکی کە گرنگترینیان پرسی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بوو لە عێراق.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی، کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر بەڕێوەچوو. تێیدا هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران ئامادە بوون.

لە تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان باسیان لە هەڵمەتەکانی دژ بە گەندەڵی و رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی کرد. سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی تەواوی خۆیان بۆ رێکارە حکوومی و دادوەرییەکان دەربڕی و جەختیان لە پێویستی بەردەوامبوونی ئەو هەنگاوانە کردەوە کە دەبنە هۆی چەسپاندنی سەروەریی یاسا. لەگەڵ کۆتاییهاتنی پشووی یاسایی و دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستی کاراکردنەوەی دەزگا چاودێرییەکانی پەرلەمان کردەوە.

ئاماژە بەوەش کرا، پێویستە پەرلەمان هاوشانی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری کار بکات بۆ خێراکردنی پڕۆسەی پەسەندکردنی ئەو یاسا گرنگانەی کە لە قۆناخی داهاتوودا پێویستن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە بەدواداچوونی بۆ ئامادەکارییە فەرمی و جەماوەرییەکان کردووە سەبارەت بە مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران. لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی داوایان لە هاوڵاتیان کرد بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداری لەو مەراسیمەدا بکەن، وەک وەفایەک.