سوپای ئیسرائیل لەبەردەم مەترسیی هەڵوەشانەوەدایە
رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت لە راپۆرتێکی نوێدا پەردەی لەسەر قەیرانێکی زۆری ناو ریزەکانی سوپای ئیسرائیل لادا و ئاشکرای کرد، هەزاران سەربازی سەرەتای شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، کە تەواوی ماوەی خزمەتەکەیان لە ناو جەنگی غەززەدا بەسەر بردووە، ئێستا لە دۆخێکی نادیاردان بەرەو مۆڵەتی دەستلەکارکێشانەوە بەڕێ دەکرێن.
رۆژنامەکە دەڵێت؛ ئەم سەربازانە و خێزانەکانیان لە نێوان ترس و دڵەڕاوکێدا دەژین، چونکە سوپا بە روونی پێیان ناڵێت ئایا دوای ئەم مۆڵەتە بە یەکجاری ئازاد دەکرێن یان راستەوخۆ بە فەرمانێکی بەپەلە وەک هێزی یەدەگ بانگهێشتی بەرەکانی جەنگ دەکرێنەوە.
ئەم نادیارییە تەنیا سەربازانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بووەتە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی تووڕەیی و رەخنە لە ناو فەرماندە باڵاکانی مەیدان دژ بە بەشی هێزی مرۆیی سوپا.
فەرماندەی لیوا و کەتیبەکان لە گفتوگۆ ناوخۆییەکاندا هۆشداری دەدەن، نەبوونی پلانێکی روون بۆ دابینکردنی بودجە و دیارینەکردنی چارەنووسی سەربازەکان، وایکردوە کە پلاندانانی سەربازیی مەحاڵ بێت. ئەوان دەڵێن؛ بەهۆی ئەم بێسەروبەرییەوە ناتوانن سەربازەکان بۆ خولەکان بنێرن یان ئەرکەکان دابەش بکەن، چونکە نازانن کێ لە خزمەتدا دەمێنێتەوە و کێ دەڕوات، ئەمەش لە کاتێکدایە، حکوومەت بەهۆی کێشەی سیاسی و یاسایی پەیوەست بە سەربازیی حەریدییەکانەوە، نەیتوانیوە یاسای درێژکردنەوەی خزمەت تێپەڕێنێت.
لە رووی ژمارەییشەوە، سوپا رووبەڕووی کورتهێنانێکی گەورە بووەتەوە، بە شێوەیەک، ئێستا پێویستی بە 12 هەزار سەربازی نوێ هەیە، کە زۆرینەیان دەبێت لە هێزە شەڕکەرەکان بن.
بەرپرسانی سەربازی هۆشداری دەدەن، ئەگەر یاسای درێژکردنەوەی خزمەت بۆ 36 مانگ تێپەڕ نەبێت، سوپا ناچار دەبێت پێنج کەتیبەی تەواو دابخات و توانای شەڕکردنی بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
ئەم قەیرانە کاریگەرییەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی قورسیشی لەسەر سەربازان دروست کردووە؛ ئەوانەی بڕیارە ئەم هاوینە یان پاییزە بگەڕێنەوە، ناتوانن پلان بۆ ژیانی داهاتوویان وەک گەشتکردن، خوێندن یان کارکردن دابنێن، چونکە هیچ زانیارییەکیان پێنادرێت سەبارەت بەو پاداشت و ئیمتیازاتانەی کە بڕیارە پێیان بدرێت.
هاکات لەگەڵ ئەم دۆخەدا، سەربازانی یەدەگیش هەست بە نادادی دەکەن، چونکە دوای چەندین مانگ لە شەڕکردن، کاتێک دەگەڕێنەوە ناو زانکۆکان یان سەر کارەکانیان، هاوکاریی پێویست ناکرێن و ئیمتیازاتە داراییەکانیان کەم کراوەتەوە. ئەمەش وایکردووە، دیاردەی هەڵاتن و خۆدزینەوە لە خزمەتی یەدەگ لە ناو کەتیبەکاندا زیاد بکات.
لە کۆتاییدا، سوپای ئیسرائیل لە نێوان بەرداشی پێویستیی مەیدانی بۆ هێزی زیاتر و شکستی سیاسی لە تێپەڕاندنی یاساکاندا گیری خواردووە، ئەمەش مەترسییەکیراستەقینەی لەسەر ئامادەیی و توانای هێزەکان لە بەرە جیاوازەکانی شەڕدا دروست کردووە.