نەجەف چاوەڕوانی گەیشتنی تەرمی خامنەیی دەکات
ملیۆنان کەس بەشداریی مەراسیمی تەرمی خامنەیی دەکەن
پارێزگای نەجەف خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، ئەمەش دوای ئەوەی لە شاری قوم لە ئێران رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ ئەنجامدرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، بۆ پێنجەمین رۆژ لەسەریەک، ملیۆنان کەس لە تاران و شارە جیاوازەکانی دیکەی ئێران رژانە سەر شەقامەکان بۆ بەشداریکردن لە نوێژکردن لەسەر تەرمی رێبەری پێشووی ئێران و ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی. تێیدا دروشمی جۆراوجۆر دەوترانەوە.
لە کاتێکدا شەقامەکانی تاران، قوم و بەندەر عەباس بە لێشاوی خەڵک پڕ بوون، لە شاری نەجەفیش ئامادەکارییەکی بەرفراوان دەستپێکردووە. گرووپە جەماوەرییەکان سەرپەرشتی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش دەکەن بۆ ئەو ملیۆنان زیارەتکارەی کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکە روو لەو شارە بکەن.
لە مزگەوتی جەمکەران، مەراسیمەکە بە خوێندنی نزا و پارانەوە دەستیپێکرد، تێیدا کوڕی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی پێشووی حزبوڵڵای لوبنانیش ئامادە بوو.
هاوکات لە شارەکانی دیکەی وەک بەندەر عەباسیش کۆبوونەوەی جەماوەری گەورە بۆ ماتەمینی بەڕێوەچوو.
ئێستا چاوەکان لەسەر شاری نەجەفن بۆ ئەوەی دوایین قۆناخی بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەیی تێدا بەڕێوەبچێت.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران لە ساڵی 1939 لە مەشهەد لەدایک بووە، لە ساڵی 1981 تا ساڵی 1989 سەرۆککۆماری ئێران بووە دواتر هەر لە ساڵی 1989 بووە بە رابەری ئێران،لە تەمەنی 86 ساڵی، لە ئەنجامی بۆردوومانێکی چڕ بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبوونی لە ناوەڕاستی تاران لە رۆژی 28ی شوباتی 2026 کوژرا، کە دواتر موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک جێگرەوەی ئەو هەڵبژێردرا.