ئەکسیۆس: سوپای پاسداران هێرشی کردووەتە سەر دوو کەشتیی بازرگانی

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە رایگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران لانی کەم دوو مووشەکی ئاڕاستەی چەند کەشتییەکی بازرگانی کردووە کە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕدەبوون.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە زیانی گەورەی بە دوو کەشتییەکە گەیاندووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

لەو چوارچێوەیە دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، نەوتهەڵگرێک لە کەناراوەکانی عومان و لە نزیک گەرووی هورمز هێرشی کراوەتە سەر.

دەستەکە ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "هێرش کراوەتە سەر نەوتهەڵگرێک و بەو هۆیەوە ئاگر لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە، بەڵام رووداوەکە چەند کیلۆمەترێک لە رۆژهەڵاتی شاری 'لیما'ی عومان بووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."

کەشتییە بازرگانییەکان لە سەرەتای مانگی ئادارەوە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە، کاتێک ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل گەرووی هورمزی داخست و واشنتنیش گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی راگەیاند، هەرچەندە لە 17ـی حوزەیراندا و دوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان واشنتن و تاران هاتوچۆی دەریایی دەستیپێکردەوە، بەڵام گرژییەکان کۆتاییان نەهاتووە.

ئێران سەرەڕای جەختیکردووەتەوە،  دۆخی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە پێش جەنگ، هەروەها هەڕەشەی رێگری لەو کەشتیانە دەکات کە پابەندی ئەو رێڕەوە نابن کە تاران لەسەر کەناراوەکانی خۆی دیاری کردووە.

بەپێی ئامارەکانی ئیدارەی وزەی ئەمریکا، لە ساڵی 2024دا رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو بەم گەرووەدا تێپەڕیوە، ئەمەش نزیکەی 20%ـی کۆی نەوتی جیهان.