ترەمپ و ئەردۆغان کۆتایی بە بنبەستی چەند ساڵەی F-35 دەهێنن

وێنە؛ دۆناڵد ترەمپ و هاوتا تورکییەکەی
وێنە؛ دۆناڵد ترەمپ و هاوتا تورکییەکەی

رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمب، سەرۆکی ئەمریکا، بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رابگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە رێگە بە ئەنقەرە بداتەوە بگەڕێتەوە بۆ ناو پڕۆژەی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی جۆری (F-35).

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمب بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ بگاتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لە پەراوێزی لووتکەکەدا لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، لە زاری چوار بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریکاوە گواستویەتییەوە، هەرچەندە لە نێوان بەرپرسانی کۆشکی سپیدا جیاوازی هەبووە لەسەر چۆنییەتی تێپەڕاندنی ئەو بەربەستە یاساییانەی کە کۆنگرێس دایناون، بەڵام پێدەچێت لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی نامەی فەرمییەوە لە نێوان هەردوو سەرۆکدا، رێگەچارەیەک بۆ ئەو پرسە بدۆزرێتەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە لە ساڵی 2019 بەهۆی کڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی "S-400"ی رووسی لەلایەن تورکیاوە، تووشی گرژییەکی زۆر بوو. لەو کاتەدا ئەمریکا وەک سزایەک، تورکیای لە پڕۆژەی فڕۆکەی F-35 دوورخستەوە و کۆنگرێسیش یاسایەکی پەسەند کرد، فرۆشتنی ئەو فڕۆکانە بە تورکیا قەدەخە دەکات تا ئەو کاتەی سیستەمە رووسییەکە لەو وڵاتەدا بێت، بەو پێیەی مەترسیی ئەمنییە بۆ سەر تەکنەلۆژیای فڕۆکە ئەمریکییەکان.

سەرەڕای ئەو ناکۆکییانە، لە سەردەمی ترەمپدا هەوڵ بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکان دەدرێت. مانگی رابردوو ئیدارەی ئەمریکا بە فەرمی کۆنگرێسی ئاگادارکردەوە لە مەبەستی وڵاتەکەی بۆ فرۆشتنی دەیان بزوێنەری فڕۆکە بە تورکیا کە بەهاکەی زیاتر لە 700 ملیۆن دۆلارە، ئەمەش وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ کۆتاییهێنان بەو بنبەستە سیاسییەی نێوان هەردوو وڵات دەبینرێت.