ئاگر باشووری ئەوروپای گرتووەتەوە
شەپۆلێکی گەورەی ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی چەند وڵاتێکی باشووری ئەوروپای گرتووەتەوە، بەم هۆیەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە.
شەپۆلێکی نوێی ئاگری دارستانەکان وڵاتانی باشووری ئەوروپای گرتووەتەوە، بەهۆیەوە هەزاران کەس ماڵەکانیان جێهێشتووە، هاوکات بڵێسەی ئاگرەکە گەیشتووەتە ئەو شوێنانەی بڕیاربوو کێبڕکێی جیهانیی پاسکیلسواری "تۆر دۆ فرانس"ـیان تێدا بەڕێوەبچێت.
بەرپرسانی فریاکەوتن لە وڵاتانی فەرەنسا، ئیسپانیا، پورتوگال و یۆنان رایانگەیاند، سەدان تیمی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرە فراوانانەن، رووبەری سووتاو زیاتر لە 20 هەزار هێکتارە و دەگاتە سێ هێندەی ناوچەی مانهاتنی ئەمریکا.
لە باشووری رۆژئاوای فەرەنسا بڕیاری چۆڵکردنی ماڵەکان بە نزیکەی 10 هەزار و 500 کەس دراوە، ئەمەش دوای سووتانی زیاتر لە چوار هەزار و 600 هێکتار دارستان لە زنجیرە چیاکانی پیرینێس.
لە ترسی مەترسییەکانی بڵێسەی ئاگرەکە، بەرپرسانی فەرەنسا بڕیاریاندا ئامادەبوونی هاندەران لە سێیەم قۆناخی کێبڕکێی "تۆر دۆ فرانس" قەدەخە بکەن و تەنیا یاریزانەکان بۆیان هەیە بەو رێڕەوەدا تێپەڕ بن.
هاوکات لەگەڵ ئاگرەکە، پلەکانی گەرما لە ئیسپانیا گەیشتوونەتە 43 پلەی سەدی.
لە وڵاتی یۆنانیش، ئاگری دارستانەکان گەیشتە دوو کارگەی گەورە لە شاری تێسالۆنیکی و پۆلیس هەموو ناوچەکەی بەتەواوی چۆڵ کرد. لە لایەکی دیکەوە، هەریەک لە وڵاتانی کرواتیا و ئەلبانیا رووبەڕووی چەندین ئاگری هاوشێوە بوونەتەوە، بەم هۆیەوە رووبەرێکی فراوان لە رەز و باخ و دارستان وێران بوون.
ئەم شەپۆلە نوێیەی گەرما و ئاگر لە کاتێکدایە، تەنیا لە مانگەکانی ئایار و حوزەیرانی رابردوودا بەهۆی بەرزبوونەوەی ناسروشتیی پلەکانی گەرما، هەزاران کەس لە ناوچەکانی فەرەنسا، ئیسپانیا و بەلجیکا گیانیان لەدەستداوە.
شەپۆلەکانی گەرما و وشکەساڵی ساڵانە زیانی گەورە بە دارستانەکانی ئەوروپا دەگەیەنن و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەو کیشوەرە زیاتر دەرخستووە.