ئاهەنگەکانی سەربەخۆیی ئەمریکا خوێناوی بوون
رێکخراوی “گەن ڤایۆلێنس ئەرکایڤ"ـی ناحکوومی رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە رووداوەکانی تەقەکردن لە ئەمریکا لە کاتی ئاهەنگەکانی رۆژی سەربەخۆیی گەیشتووەتە 100 کەس.
رێکخراوەکە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کردووە، ژمارەی رووداوەکانی تەقەکردن لە پشووی جەژنی سەربەخۆیی لە ئەمریکا گەیشتووەتە 20 رووداو، ئەمەش بە ژمارەیەکی پێوانەیی دادەنرێت لە ساڵی 2021ـەوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، رووداوەکان بوونەتە هۆی کوژرانی 100 کەس و برینداربوونی 340 کەسی دیکە لە ماوەی سێ رۆژدا، روونیشی کردووەتەوە ئەم ئامارانە سەرەتایین و رەنگە لە کاتێکی دیکەدا گۆڕانکارییان تێدا بکرێت.
رێکخراوەکە باسی لەوەش کردووە، پشووەکانی 4ی تەممووز لە ئەمریکا بە یەکێک لە خوێناویترین رۆژەکانی ساڵ دادەنرێت بۆ رووداوەکانی تەقەکردن. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆبوونەوەی جەماوەریی گەورە، بەرزیی پلەکانی گەرما، خواردنەوە کحولییەکان و ئاسانیی دەستگەیشتن بە چەک.
لە 4ی تەممووزی ئەم مانگەدا، ئەمریکا ئاهەنگی 250ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی وڵاتەکەی گێڕا. بەڵام ئاهەنگەکان لە چەندین ویلایەتی وەکوو نیویۆرک، ئیلینۆی و کالیفۆرنیا بەهۆی تەقەکردنی بەکۆمەڵەوە تێکچوون.
بەپێی پێوەرەکانی رێکخراوەکە، هەر رووداوێکی تەقەکردن چوار کەس یان زیاتری تێدا بپێکرێت بە تەقەکردنی بەکۆمەڵ هەژمار دەکرێت. ساڵانە لەم وەرزەدا ئاماری قوربانییانی چەک لە ئەمریکا بەرز دەبێتەوە و پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک دەبێتەوە بە بابەتی گەرمی نێو میدیاکان.