ترەمپ: کۆتاییهاتنی جەنگی ئۆکرانیا لەوە نزیکترە کە چاوەڕوان دەکرێت

سەرۆکی ئەمریکا، گەشبینی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەوە نزیکترە کە خەڵک بیری لێدەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، جەختی کردەوە، دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ هەردوو سەرۆکی رووسیا و ئۆکرانیا، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هەردوولا ئارەزوویەکی راستەقینەیان بۆ راگرتنی جەنگەکە هەیە.

سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی درێژخایەن لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین هات، کە نزیکەی 85 خولەکی خایاند و ترەمپ وەک پەیوەندییەکی باش وەسفی کرد. ترەمپ پێی وایە پووتین بە جددی دەیەوێت کۆتایی بە ململانێکان بهێنێت، هەروەها ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکیش هەمان ئامانجی هەیە و بە دیدگایەکی نوێوە سەیری هەوڵەکانی واشنتن دەکات بۆ چەسپاندنی ئاشتی.

بڕیارە لە هەنگاوێکی کردەیی داهاتوودا، ترەمپ لە پەراوێزی لووتکەی هاوپەیمانی ناتۆ لە شاری ئەنقەرەی تورکیا لەگەڵ زێلێنسکی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی پرۆسەی ئاشتی. هەرچەندە کرێملین تا ئێستا بە جۆرێک لە وریایی و گومانەوە سەیری گۆڕانکارییەکانی هەڵوێستی ئەمریکا دەکات، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەم کۆبوونەوەیەی ئەنقەرە ببێتە وەرچەرخانێکی نوێ لە مێژووی ئەم جەنگە چوار ساڵەیەدا.

جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا چووەتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگەکە بێئاکام ماونەتەوە. لە چەند مانگی رابردوودا گرژییەکان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بە تایبەت دوای ئەوەی ئۆکرانیا توانی لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانیەوە زیانێکی گەورە لە ژێرخانی وزەی رووسیا بدات و یەک لەسەر سێی سووتەمەنی بەردەستی ئەو وڵاتە لەناو ببات.