دوو تەقینەوە لە نزیک شوێنی مانەوەی ماکرۆن روویان دا
ژمارەیەک تەقینەوە لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشق روویان دا و قوربانی هەیە.
ئەنوەر عەبدولـلەتیف، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تەمموزی 2026، ژمارەیەک بۆمبی چێنراو لە نزیک ئەو هۆتێلەی دیمەشق کە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا تێیدا ماوەتەوە؛ تەقیونەتەوە.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، هۆتێلەکە دەکەوێتە نزیک بارەگای وەزارەتی گەشتوگوزاری سووریا و شەوی رابردوو سەرۆکی فەرەنسا تێیدا ماوەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، چارەکێک پێش تەقینەوەکان، ماکرۆن و شاندی یاوەری، هۆتێلەکەیان بەجێهێشتووە و چەند کەسێک لە ئەنجامی تەقینەوەکان بریندار بوون.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووەتەوە، ماکرۆن و شاندی یاوەری سەلامەتن و دەنگی هیچ تەقینەوەیەکیان نەبیستووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق. ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتێکی گەورەی رۆژئاوایییە بۆ سووریا لە دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع لە کۆتایی ساڵی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.