وەزارەتی ناوخۆی سووریا: 18 کەس لە ئەنجامی تەقینەوەکان بریندار بوون
دوو بۆمبی چێندراو لە نزیک شوێنی مانەوەی سەرۆکی فەرەنسا لە دیمەشق تەقینەوە و بەهۆیەوە 18 کەس بریندار بوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردووە، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تەمموزی 2026، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دوو بۆمبی چێندراویان لە نزیک باڵەخانەی وەزارەتی گەشتوگوزار دۆزیوەتەوە و لە کاتی پرۆسەی پووچەڵکردنەوەیاندا؛ تەقیونەتەوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەردوو بۆمبەکە بە شێوەیەکی سەرەتایی دروست کرابوون، یەکەمیان لە نێو ئۆتۆمبێلێکدا لە قەراخ رێگەیەک دانرابوو و دووەمیشیان لە نێو تەنەکەی خۆڵدا بووە.
هەروەها روونیشی کردووەتەوە، شوێنی تەقینەوەکە دەکەوێتە دەرەوەی ئەو پشتێنە ئەمنییەی بۆ شوێنی مانەوەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا دیاری کراوە، بۆیە هیچ هەڕەشەیەکی راستەوخۆی دروست نەکردووە.
وەزارەتی ناوخۆ پشتڕاستیشی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو دوو تەقینەوەیەی نزیک وەزارەتی گەشتوگوزار لە دیمەشقی پایتەخت 18 کەس بریندار بوون، لە نێویاندا چوار پۆلیس هەن.
وەزارەتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بەپێی ئەو پلانەی بۆی دانراوە بەردەوام دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لە راگەیەنراوێکدا جەختی کردووەتەوە، ماکرۆن و شاندی یاوەری سەلامەتن و کاتی بەجێهێشتنی شوێنی مانەوەیان، گوێیان لە هیچ تەقینەوەیەک نەبووە.
سەرۆکایەتیی فەرەنسا دووپاتی کردووەتەوە، هیچ گۆڕانێک بەسەر کارنامەی سەرۆک ماکرۆندا نایەت و لە سەردانەکەی بەردەوام دەبێت.
باسی لەوەش کردووە، دوای تەقینەوەکان، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی لە دیمەشق، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کۆبووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 06ـی تەمموزی 2026، ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق.
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی وڵاتێکی گەورەی رۆژئاوایییە بۆ سووریا لە دوای ئەوەی ئەحمەد شەرع لە کۆتایی ساڵی 2024 دەسەڵاتی گرتە دەست، پاش رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.