حەوت منداڵی چینی لەناو چاکسازیی گەورانی هەولێر هەن و ئەو وڵاتە وەریانناگرێتەوە
ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوبەری گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بە گوێرەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت منداڵ کە تەمەنی بگاتە سێ ساڵ، لە دایکیان جیابکرێنەوە و لە چاکسازییەکان ببرێنە دەرەوە، بەڵام حەوت منداڵی چینی لە چاکسازییەکان هەن حکوومەتی وڵاتەکەیان وەریانناگرێتەوە.
ئاشکراشی کرد ئەو منداڵانە هی دوو ئافرەتن، یەکێکیان بەناوی خدیجە ئەحمەد روبل، یەک ساڵ سزدراوە و لە 2018 ـەوە سزاکەی تەواوکردووە و دوو منداڵی تەمەن هەشت ساڵ و نۆ ساڵی لەگەڵە. ئافرەتێکی دیکە بەناوی بوئایشم توسن، بە راگیراوی دادگای تاوانەکان ئازادی کرد و دادگای تەمیز پەسەندی کرد، ئەو ئافرەتە پێنج منداڵی لە چاکسازییەکان لەگەڵە و تەمەنییان حەوت، هەشت، 10، 11 و 12 ساڵانن.
دووپاتیشکردەوە، چەند جارێک هەوڵدراوە و گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی چین کراوە، بەڵام ئامادەنییە وەریانبگرێتەوە و کەسێکی نزیکیشیان لە هەرێمی کوردستان نییە و نایانەوێت بێلانە و سەرگەدان بن، بۆیە لە چاکسازییەکان هێڵدراونەتەوە.
بە گوێرەی یاسا، منداڵ دەتوانێت لەگەڵ دایکی بێت ئەگەر دایکی سزادراو بێت و کەسی نەبێت، بەڵام ئەمە لە حاڵەتێکدایە کە منداڵەکە زۆر بچووک بێت. بەڵام منداڵە چینییەکان گەورە بوون و لە خوێندن و قوتابخانە بێبەش بوون.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتیی چاكسازییەكانی هەرێمی کوردستان ئێستا شەش هەزار و 200 سزادراو لەناو چاکسازییەکاندان و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە سێ هەزار و 565 کەس ئازاد کراون.