مەزهەر محەمەد ساڵح: بوودجەی 2027 جیاواز دەبێت لە ساڵانی رابردوو
حکوومەتی عێراق بڕیاری دا گۆڕانکاری ریشەیی لە شێوازی داڕشتنی بودجەدا بکات و راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانیش دەڵێت، بودجەی 2027 دەبێتە وەرچەرخانێک بۆ نەهێشتنی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ و زیادکردنی شەفافییەت.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە مەبەستی زیادکردنی شەفافییەت و بەستنەوەی خەرجییەکان بە ئەنجامی راستەقینە، بڕیاری داوە گۆڕانکاری لە سیستەم و داڕشتنی بودجەی وڵاتدا بکات.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 دەبێتە یەکەمین بودجە بۆ نەهێشتنی لێکەوتەکانی جەنگ بەسەر دارایی و ئابووری و وزە کە لە بەهۆی جەنگی کەنداو زیانیان بە عێراق گەیاندووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە دەبێتە دەسپێکێک بۆ جێبەجێکردنی کارە لەپێشینەکانی بەرنامەی حکوومەت لە چوارچێوەی دیدگایەکی گەشەپێدانی ئابووری و شەفافدا.
سەبارەت بە وردەکاریی گۆڕانکارییەکان، مەزهەر محەمەد ساڵح ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکرێت ئەم بودجەیە لەسەر مەودایەکی فراوانتر بۆ گرتنەبەری رێڕەوە چاکسازییە نوێیەکان دابڕێژرێت، ئەویش لە رێگەی فراوانکردنی مەودای جێبەجێکردنی میتۆدێکی پلەبەندی بۆ بودجە، کە ئامانج لێی زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکان، کەمکردنەوەی خەرجییەکان و رێکخستنەوەی کەرتی نەوت و وزەیە.
راوێژکارەکەی سەرۆکوەزیران گوتیشی، بڕیاری گۆڕانکاریی لە بودجە لە چوارچێوەی دیدگای عێراقە کە تا ساڵی 2025 ئامادە دەکرێت. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت لەگەڵ ئەمریکا، لە سیاسەتی نوێی داراییدا رەنگ بدەنەوە. هاوکات راشیگەیاند، کاری لەپێشینەی حکوومەتی عێراق پەسەندکردنی پڕۆژەی "سندوقی وزە و گەشەپێدانە" بە هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
حکوومەتی عێراق دەیەوێت لە رێگەی ئەم سیستمە نوێیە داراییەوە رێگری لە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی بکات. هەرچەندە ئەم سیستەمە لە زۆربەی وڵاتان پەیڕەو دەکرێت، بەڵام جێبەجێکردنی لە عێراقدا بێ ئاستەنگ نابێت، چونکە پێویستی بە کادیری پسپۆڕ و شارەزایە و تێچوویەکی زۆریشی دەوێت.