لە هەولێر کوڕێک لەسەر کڕینی ئۆتۆمبێل دایکی خۆی کوشت
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر وردەکاریی رووداوێکی کوشتنی لە شارۆچکەی بنەسڵاوە ئاشکرا کرد، کە تێیدا کوڕێک بەهۆی کێشەیەکی بێبایەخەوە دایکی خۆی کوشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند: "چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاگادار کراینەوە لە بوونی رووداوێکی کوشتن لە شارۆچکەی بنەسڵاوە. دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر و بنکەی پۆلیسی بنەسڵاوە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوت کەوا ئافرەتێک لەلایەن کوڕەکەیەوە بە چەک کوژراوە."
گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەش کرد، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و خێرا، هێزەکانی پۆلیس توانییان لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن.
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، موقەدەم کیفاح حەسەن گوتی: "تۆمەتبار لە دانپێدانانەکانیدا رایگەیاندووە، بەهۆی کڕینی ئۆتۆمبێلەوە دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو و دایکی دروست بووە. دایکی پێی گوتووە 'چاوەڕێ بکە تا تەمەنت گەورە دەبێت و مۆڵەتی شۆفێری وەردەگری، ئینجا ئۆتۆمبێلت بۆ دەکڕم'، بەڵام کوڕەکە گوێی بە قسەکانی دایکی نەداوە و بە چەکێکی جۆری (دەمانچەی تورکی) کە پێشتر کڕیبووی، ویستوویەتی دایکی بترسێنێت، بەڵام فیشەکی لەدەست دەرچووە و بەر سەری دایکی کەوتووە و دەستبەجێ گیانی سپاردووە."
ئێستا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوە و لە بەشی گرتن و گواستنەوەی هەولێر راگیراوە بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان.