ئەمریکا مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە فەرمی مۆڵەتی گشتیی رێگەپێدانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵوەشاندەوە و پڕۆسەی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی ئەو وڵاتە چووە بواری جێبەجێکردنەوە؛ بەرپرسێکی باڵای ئەمریکیش ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر هێرشە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر سێ نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز.
سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، مۆڵەتی گشتیی پەیوەست بە ئێرانیان هەموار کردووەتەوە؛ بەپێی بڕیارەکە، مۆڵەتی پێشووی گشتیی هەڵوەشێندراوەتەوە و مۆڵەتی نوێی هەموارکراوی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی بڕیارەکە، لە ئەمڕۆوە. مۆڵەتی پێشووی گشتیی بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و پڕۆسەی راگرتن و کۆتاییهێنان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە رۆیتەرز رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری دا مۆڵەتی گشتیی رێگەپێدانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵبوەشێنێتەوە. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئاڵۆزییە نوێیەکانی ئێران لە ناو گەرووی هورمز لە لایەن واشنتنەوە بە تەواوی بێپاساو و ناپەسەند بوون و رووبەڕووی "لێکەوتەی توند" دەبێتەوە.
ئەم بڕیارە راستەوخۆ دوای ڕاپۆرتەکەی دەستەی گواستنەوەی دەریایی شاهانەی بەریتانیا دێت کە تێیدا راگەیاندرابوو، لە چەند کاتژمێری رابردوودا سێ نەوتهەڵگری بازرگانی لە ناو و دەوروبەری گەرووی هورمز لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە کراونەتە ئامانج.
بەرپرسەکەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، دانوستانکارانی ئەمریکا هێشتا بە نیازپاکی و بە شێوازێکی بێوچان بەردەوامن لە کارکردن تا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ ئێران و هەوڵە دیپلۆماسییەکان نەکراونەتە ئامانج.
ئەم بڕیارە بە فەرمی بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بەو رێگەپێدانە دەرچووە کە لە 21ی حوزەیرانی 2026دا درابوو، کە تێیدا وەک دەستپێشخەرییەک بۆ سەرخستنی ئاگربەستەکە، مۆڵەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی خاو، بەرهەمە پترۆکیمیاییەکان و پترۆلیۆمی خاوەن سەرچاوەی ئێرانی درابوو.