کوەیت بەرپەرچی هێرشی مووشەکی دەداتەوە و لە بەحرەینیش زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا
سوپای کوەیت رایگەیاند؛ هێزەکانی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی خەریکی بەرپەرچدانەوەی چەندین هێرشی مووشەکی و درۆنن.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، سوپای کوێت لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕیکۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئێستا بەرگریی ئاسمانی کوەیت بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانە دەداتەوە." هەروەها سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپا روونیکردەوە کە بیستنی دەنگی تەقینەوەکان بەهۆی تێکشکاندنی ئامانجەکانە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە و داوای لە هاووڵاتیان کرد پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوانە، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین بەیانی ئەمڕۆ زەنگی ئاگادارکردنەوە لە وڵاتەکەیدا لێدا. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات ئەمریکا دەیان پێگەی لە ناو خاکی ئێراندا کردە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە پەیامێکدا داوای لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کرد: "هێمنی خۆیان بپارێزن، روو لە نزیکترین شوێنی ئارام بکەن و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چاودێری هەواڵەکان بکەن."
بەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردووە ، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.
سوپای پاسدارانی گوتیشی؛ ئەم هێرشانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دژی ئەمریکا دەگرنەبەر. میدیاکانی ئێرانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە توانیویانە درۆنی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) لە باشووری وڵاتەکە بخەنە خوارەوە و چەند کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیشیان بە مووشەک کردووەتە ئامانج.
لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی ناو خاکی ئێران راگەیاند. ئەم هێرشانە بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی ئەنجامدراون، دەنگی ١٤ تەقینەوەی گەورە لە ناوچە کەنارییەکانی ئێران بیستراوە.
بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی ئاژانسی فارسی ئێرانی، 10 تەقینەوەیان لە شاری سیریک و چوار تەقینەوەکەی دیکە لە گوندی میسین لە دوورگەی ستراتیژیی قوشم روویانداوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازی پێکاوە، هەموویان بە تەقەمەنی زۆر ورد و پێشکەوتوو وێران کراون. ئامانجەکان بە وردی دەستنیشان کرابوون بۆ ئەوەی زۆرترین گورز لە ژێرخانی سەربازیی ئێران بوەشێنن، لەوانەش سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بنکەکانی راداری کەناراوەکان و تواناکانی مووشەکی دژە کەشتی. جگە لەمانە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز و دەوروبەری لەناو ببەن، کە وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەبینران.
لەسەرەتای ئەم هەفتەدا ئێران سێ کەشتیی بازرگانی مەدەنی لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا کردە ئامانج، کە پێکهاتبوون لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ، کەشتی ودیانی سعوودی و کەشتی سایبرس برۆسپێریتی بە ئاڵای لیبێریا. سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم رەفتارانەی ئێران نەک هەر مەترسین بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و ئازادی هاتوچۆی دەریایی، بەڵکو پێشێلکارییەکی ڕوون و زەقی رێککەوتنەکانی ئاگربەستن.