فەرمانبەرێکی وەزارەتی نەوت بە 10 ساڵ زیندانی سزا درا
دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، سزای 10ساڵ زیندانی بۆ فەرمانبەرێکی وەزارەتی نەوت دەرچووە، کە تۆمەتبارە بە دزینی زیاتر لە ملیارێک دیناری پارەی گشتیی لە پارێزگای نەینەوا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەمموزی 2026، دەستەی دەستپاکی لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، دادگای تاوانەکانی نەینەوا (دەستەی یەکەم)، سزای 10 ساڵ زیندانیی بۆ فەرمانبەرێکی یەکێک لە وێستگەکانی سووتەمەنی حکومی لە پارێزگاکە دەرکردووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ئەو فەرمانبەرە بڕی ملیارێک و 174 ملیۆن و 287 هەزار دیناری دزیوە، کە ئەم بڕە پارەیە داهاتی فرۆشی بەرهەمە نەوتییەکانی وێستگەکە بووە لە هەردوو مانگی ئاب و ئەیلوولی ساڵی 2025.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، دادگا دوای پێداچوونەوە بە بەڵگەکان و دانپێدانانی تۆمەتبار، بەڵگەکانی بە پێویست و قایلکەر زانیوە بۆ سەپاندنی سزا، بۆیە بەپێی ماددەی (٣١٥) لە یاسای سزادانی عێراقی، سزای ١٠ ساڵ زیندانیی بۆ ناوبراو بڕیوەتەوە.