نرخی نەوت بەرزبووەوە

دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، نرخی نەوت بەڕێژەی نزیکەی 2% بەرزبووەوە.

لەگەڵ کردنەوە بازاڕەکانی نەوت لە جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت 1.38 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 75 دۆلار و 54 سەنت، هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکیش 1 دۆلار و 37 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 71 دۆلار و 81 سەنت.

بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەهۆی دروستبوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە، کە واشنتن 80 شوێنی تارانی بۆردومان کردووە، لەبەرانبەردا ئێران 85 پێگەی سەربازیی ئەمریکای لە ناوچەکە بۆردومان کردووە. 

شرۆڤەکاران پێیان وایە بەردەوامی گرژی و کەمبوونەوەی هاتوچۆی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووەکەوە دەتوانێت پاڵپشتی نرخی نەوت بکات، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بازاڕەکان پێشبینی گەڕانەوەی پێداویستییە زیادەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ بازاڕە جیهانییەکان کردبوو.

ئەمە لەکاتێکدایە سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکان (OFAC) سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، مۆڵەتی گشتیی پەیوەست بە ئێرانیان هەموار کردووەتەوە؛ بەپێی بڕیارەکە، مۆڵەتی پێشووی گشتیی هەڵوەشێندراوەتەوە و مۆڵەتی نوێی هەموارکراوی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی بڕیارەکە، لە ئەمڕۆوە. مۆڵەتی پێشووی گشتیی بە تەواوی کۆتایی پێهاتووە و پڕۆسەی راگرتن و کۆتاییهێنان بە فرۆشتنی نەوتی ئێران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

هاوکات بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە رۆیتەرز رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی بڕیاری دا مۆڵەتی گشتیی رێگەپێدانی فرۆشتنی نەوتی ئێرانی هەڵبوەشێنێتەوە. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئاڵۆزییە نوێیەکانی ئێران لە ناو گەرووی هورمز لە لایەن واشنتنەوە بە تەواوی بێپاساو و ناپەسەند بوون و رووبەڕووی "لێکەوتەی توند" دەبێتەوە.