قالیباف: سەردەمی چەوسانەوە کۆتایی هاتووە و فشارەکانی ئەمریکا بێسوودن

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەخنەی توند لە واشنتن دەگرێت و رایدەگەیەنێت، چیتر سیاسەتی فشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا بەرامبەر تاران ئەنجامی نابێت. هاوکات سوپای پاسدارانی ئێرانیش لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، چەندین پێگەی سەربازی ئەو وڵاتەی لە ناوچەکە کردە ئامانج.

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاویکردەوە، سەردەمی چەوسانەوە و هەڕەشە کۆتایی هاتووە و ئەمریکییەکان بەو جۆرە رەفتارانە ناگەنە هیچ ئەنجامێک. ئاماژەی بەوەش کرد، تاران لەو لایەنانە نییە کە پاشەکشە بکات یان دەستبەرداری مافەکانی ببێت.

قالیباف، کە سەرۆکایەتی شاندی وڵاتەکەی کردبوو لە دانوستانەکانی سویسرا کە بە نێوەندگیری قەتەر و پاکستان گەیشتە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی 14 خاڵی، چەندین پێشێلکاریی ئەمریکای بەرامبەر ئەو رێککەوتنە ژماردووە، لەوانە: "پێشێلکردنی رێکارەکان لە گەرووی هورمز، هەڕەشەی بەردەوام بۆ هێرشی سەربازی، هێرشکردنە سەر ناوچەکانی باشووری ئێران، دووبارە سەپاندنەوەی سزاکانی نەوت و بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان."

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای پاسدارانی ئێران "وەڵامی سەرەتایی" بۆ هێرشەکانی ئەمریکا راگەیاند. لە بەیاننامەیەکدا سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان لە پرۆسەیەکی هاوبەشدا لەرێگەی مووشەک و درۆنەوە، 85 پێگەی سەربازی ئەمریکایان لە بەندەری سەلمان، ناوچەی پێنجەمی دەریایی لە بەحرەین و بنکەی ئاسمانی عەلی سالم لە کوەیت کردووەتە ئامانج. هەروەها رایانگەیاندووە کە درۆنێکی جۆری MQ-9یان خستووەتە خوارەوە.

پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندبوو، هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی ئێران کە پێکهاتبوون لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی، رادار و زیاتر لە 60 بەلەمی بچووک کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکاردەهێنران. سێنتکۆم دەڵێت، ئەو هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ کرانە ئامانجی 3 کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز.