بەرپرسێکی ئەمریکا: هێرشەکان وەک فشار بەکار دەهێنرێت
لەگەڵ ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، ئیدارەی واشنتن پابەندبوونی خۆی بە رێڕەوی دیپلۆماسی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، دانوستانەکان لەگەڵ تاران بەردەوام دەبن، سەرەڕای پەرەسەندنی گرژییەکانی ئەم دواییەی گەرووی هورمز و هێرشکردنە سەر یەکتر.
رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، واشنتن پەرەسەندنی سەربازی وەک بەدیلێک بۆ پرۆسەی سیاسی نابینێت، بەڵکو وەک ئامرازێکی فشار بەکاری دەهێنێت بۆ ناچارکردنی تاران بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئەم پێشهاتە دیپلۆماسییە دوای چەند کاتژمێرێک لە هێرشەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە دژی ئێران دێت، کە سێنتکۆم رایگەیاندبوو، زیاتر لە 80 پێگەی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی و تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، راداری کەنار دەریاکان و مووشەکی دژە کەشتی، لەناوبردنی زیاتر لە 60 بەلەمی خێرای سەر بە سوپای پاسداران.
سێنتکۆم روونیشیکردەوە، ئامانجی ئەم لێدانانە پەکخستنی تواناکانی ئێران بووە لە هەڕەشەکردن لە کەشتیوانی نێودەوڵەتی، هاوکات هۆشداری دا، هێزەکانیان لە ئامادەباشی تەواودان ئەگەر تاران پابەندی لێکتێگەیشتنەکان نەبێت، لە بەرانبەردا، سەرکردایەتی سەربازی ئێران هێرشەکانی ئەمریکای بە کردەوەیەکی ئاشکرای شەڕانگێزی ناوبرد و 85 پێگەی ئەمریکای لەناوچەکە بۆردوومان کرد.
ئەم گرژییە نوێیە دوای ئەوە هات کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی سێشەممە، مۆڵەتە کاتییەکەی هەناردەکردنی نەوتی ئێران (کە بڕیار بوو تا مانگی ئابی داهاتوو بەردەوام بێت) هەڵوەشاندەوە. واشنتن ئەم هەنگاوەی بەستەوە بە هێرشکردنە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز، کە یەکێکیان کەشتییەکی گازی سروشتی شلکراوی (LNG) قەتەری بووە. بەرپرسە ئەمریکییەکە رایگەیاند، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا بە تەواوی لەسەر بنەمای ئەدای کاردایە و هەر سووککردنێکی سزاکان بەندە بە پاراستنی ئازادی کەشتیوانی لەلایەن ئێرانەوە.