ئێران دووبارە هێرشی کردەوە سەر بەحرەین

 وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین رایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دەیان پێگەی جیاواز لە ناوخۆی ئێران، زەنگی ئاگادارکردنەوەیان بۆ دوو جاری لەسەریەک لێداوە.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە هەژماری فەرمی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، داوا لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان دەکەین ئارام بگرن و روو لە نزیکترین شوێنی پارێزراو بکەن و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چاودێری نوێترین هەواڵەکان بکەن."

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو کاتژمێر لە هۆشداری یەکەم، وەزارەتەکە جارێکی دیکە هەمان هۆشداری دووبارە کردەوە. هاوکات پەیامنێری ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند کە دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی باکووری شانشینی بەحرەین بیستراوە.

ئەمە یەکەمجارە دەنگی تەقینەوە لەو ناوچانە ببیسرێت لە دوای 28ـی حوزەیرانی رابردوو، کاتێک بەحرەین رایگەیاند، توانیویانە چەند مووشەک و درۆنێکی ئێرانی تێکبشکێنن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای پاسدارانی لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند؛ 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردووە ، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.

سوپای پاسدارانی گوتیشی؛ ئەم هێرشانە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران. بە گوتەی ئەمریکا، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی فەرماندەیی، رادارە کەنارییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز. واشنتن دەڵێت؛ ئەم هەنگاوەی بۆ سزادانی تاران بووە، چونکە ئێران هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان، هەنگاوی یەکلاکەرەوە دژی ئەمریکا دەگرنەبەر. میدیاکانی ئێرانیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە توانیویانە درۆنی ئەمریکی لە جۆری (MQ-9) لە باشووری وڵاتەکە بخەنە خوارەوە و چەند کەشتییەکی جەنگی ئەمریکیشیان بە مووشەک کردووەتە ئامانج.

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی بۆ سەر چەندین ناوچەی جیاوازی ناو خاکی ئێران راگەیاند. ئەم هێرشانە بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی ئەنجامدراون، دەنگی ١٤ تەقینەوەی گەورە لە ناوچە کەنارییەکانی ئێران بیستراوە.

بەگوێرەی راپۆرتە سەرەتاییەکانی ئاژانسی فارسی ئێرانی، 10 تەقینەوەیان لە شاری سیریک و چوار تەقینەوەکەی دیکە لە گوندی میسین لە دوورگەی ستراتیژیی قوشم روویانداوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، هێرشە ئاسمانییەکان زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازی پێکاوە، هەموویان بە تەقەمەنی زۆر ورد و پێشکەوتوو وێران کراون. ئامانجەکان بە وردی دەستنیشان کرابوون بۆ ئەوەی زۆرترین گورز لە ژێرخانی سەربازیی ئێران بوەشێنن، لەوانەش سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی، تۆڕەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بنکەکانی راداری کەناراوەکان و تواناکانی مووشەکی دژە کەشتی. جگە لەمانە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە زیاتر لە 60 بەلەمی بچووکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە گەرووی هورمز و دەوروبەری لەناو ببەن، کە وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەبینران.

لەسەرەتای ئەم هەفتەدا ئێران سێ کەشتیی بازرگانی مەدەنی لە رێڕەوە نێودەوڵەتییەکاندا کردە ئامانج، کە پێکهاتبوون لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵ، کەشتی ودیانی سعوودی و کەشتی سایبرس برۆسپێریتی بە ئاڵای لیبێریا. سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم رەفتارانەی ئێران نەک هەر مەترسین بۆ سەر گیانی مەدەنییەکان و ئازادی هاتوچۆی دەریایی، بەڵکو پێشێلکارییەکی ڕوون و زەقی رێککەوتنەکانی ئاگربەستن.