وەزیری جەنگی ئەمریکا دەچێتە ئیسرائیل
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، پیت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات، ئەم سەردانەش تەنها چەند کاتژمێرێک دوای هێرشە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و تاران دێت.
ماڵپەڕەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، هێگسێت ئێستا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەنقەرەیە بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی ناتۆ، هەر ئەمڕۆ بەرەو ئیسرائیل بەڕێدەکەوێت، ئەمە دەبێتە یەکەم سەردانی وەزیری جەنگی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتە.
چاوەڕوان دەکرێت وەزیری جەنگی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئێران، هەروەها ئامانجێکی تری سەردانەکە دڵنیاکردنەوەی تەلئەڤیڤە سەبارەت بەو نیگەرانییانەی هەیانە لە ئەگەری فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی جۆری "F-35" بە تورکیا، کە پێشنیازێکی ترەمپ بووە لە لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە.
لە لایەکی ترەوە، تۆڕی "CNN" ئاماژەی بەوە کردووە، پلانی ئەم سەردانە پێشتر داڕێژرابوو، بەڵام هێشتا روون نییە کە ئایا بەهۆی هێرشە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی سەر ئێران، خشتەی کۆبوونەوەکان گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت یان چڕتر دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران. بە گوتەی ئەمریکا، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی فەرماندەیی، رادارە کەنارییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز. واشنتن دەڵێت؛ ئەم هەنگاوەی بۆ سزادانی تاران بووە، چونکە ئێران هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.