سوپای ئێران: 8 سەربازمان لە هێرشەکانی ئەمریکادا کوژران

سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئەرتەش) بە فەرمی کوژرانی هەشت ئەفسەر و پلەداری هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵاتەکەی راگەیاند، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر هەردوو بەندەری بوشەهر و بەندەر عەباس لە باشووری ئێران.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمی سوپای ئێران، لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026ـی هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەند ئامانجێک لە باشووری ئێران، هەشت ئەندامی هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئێران لە کاتی بەرگریکردندا گیانیان لەدەستداوە.

سوپای ئێران هاوشانی راگەیەندراوەکە، ناو و وێنەی هەر هەشت کوژراوەکەی بڵاو کردووەتەوە کە خاوەنی پلەی جیاوازی سەربازی بوون لە ریزەکانی هێزی کۆماری ئیسلامیدا.

لە راگەیەندراوەکەدا، ئەرتەشی ئێران جەختی لەسەر بەردەوامیی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی وڵاتەکەی تا دوا هەناسە کردووەتەوە، هاوکات هۆشداری توندی داوە و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی کوژراوەکانی کردووە.

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی دابوو، بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی، زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازییا لە باشووری ئێران پێکاوە.

هاوکات سوپای پاسدارانی لە وەڵامدا راگەیاندبوو؛ 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.