پاکستان داوا لە ئەمریکا و ئێران دەکات پابەندی یاداشتەکە بن

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە دەربڕی و رایگەیاند، هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە، هاوکات داوا لە هەموو لایەک دەکات پابەندی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد بن.

چوارشەممە 8ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، "پاکستان نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە دەردەبڕێت؛ دەستپێکردنەوەی جەنگ و ململانێی نوێ لە بەرژەوەندیی هیچ لایەکدا نییە."

پاکستان داوای لە هەموو لایەنەکان کردووە، دانبەخۆدا بگرن و دوور بکەونەوە لە هەر کار و هەنگاوێک کە زیان بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بگەیەنێت، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە "هیچ بەدیل و جێگرەوەیەک بۆ بەردەوامیی پەیوەندی، گفتوگۆ و دیپلۆماسیەت نییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی هاوبەش کە ئاشتییە لە ناوچەکەدا."

لە راگەیەندراوەکەدا پاکستان هانی هەموو لایەک دەدات، پابەندی بەڵێنەکانیان بن لە چوارچێوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلام ئاباد، کە هێشتا وەک بنەمایەکی هەمیشەیی بۆ لێکتێگەیشتن، رێزگرتنی هاوبەش و گەشەسەندنی هاوبەش لە ناوچەکە و دەرەوەیدا دەمێنێتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەختی کردووەتەوە، وڵاتەکەی هەمیشە ئامادەیە بۆ بەردەوامبوون لە گێڕانی رۆڵی ئەرێنی و نێوەندگیریی خۆی لەم بوارەدا.

هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی دابوو، بە ئامانجی سزادانی تاران و لاوازکردنی تواناکانی لە تێکدانی ئاسایشی دەریایی، زیاتر لە 80 ئامانجی جیاوازییا لە باشووری ئێران پێکاوە.

هاوکات سوپای پاسدارانی لە وەڵامدا راگەیاندبوو؛ 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرەین و کوەیت کردووەتە ئامانج. تاران ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.