روبیۆ: لادانی سووریا لە لیستی تیرۆر دەرگا بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان دەکاتەوە

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی کۆنگرێسی ئەمریکای ئاگادارکردەوە لە بڕیاری لادانی ناوی سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانەی پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن؛ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئەم هەنگاوە دوای 45 رۆژ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێگا خۆش دەکات بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنان لە سووریادا

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی تەممووزی 2026، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کۆنگرێسی ئەمریکای ئاگادارکردەوە کە بە فەرمی بڕیاری داوە ناوی سووریا لە لیستی ئەو وڵاتانە لابدات کە پاڵپشتی لە تیرۆر دەکەن.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئەم بڕیارە دوای 45 رۆژ لە ئاگادارکردنەوەی کۆنگرێس دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و روونیشیکردەوە کە ئەمە هەنگاوێکی مێژوویی سەرۆک ترەمپە بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە گەلی سووریا بداتەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر هەنگاو بنێن.

روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، هەڵگرتنی ئەم سزایانە، رێگا بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنان لە ناوخۆی سووریادا خۆش دەکات و دەبێتە هۆی دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لە گەشەکردن و ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا؛ جەختیشی لەوە کردەوە، سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو، کە لەگەڵ خۆی و هاوسێکانیدا لە ئاشتیدا بێت، نەک تەنیا بۆ ناوچەکە بەڵکو بۆ سەرانسەری جیهان گرنگ و بەسوود دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە، ئەم بڕیارە وەرچەرخانێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق و سەرەتایەکی نوێیە لە مێژووی سووریادا. روبیۆ ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی سووریای کرد بۆ گرتنەبەری رێڕەوێکی نوێی سیاسی و ئامادەیی ئەمریکاشی نیشاندا بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و هاوکارییەکانی لەگەڵ گەلی سووریادا.

بڕیارەکەی ئەمریکا دوای فەرمانی پێشووی ترەمپ لە حوزەیرانی 2025 دێت بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا، کە ئەمەش پاڵپشت بەو گۆڕانکارییە و رێکارە دژەتیرۆر بوو کە لەلایەن حکوومەتی نوێی سووریاوە گیرانەبەر.هاوکات لادانی سووریا لەم لیستە دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی سووریا بە فەرمی بەڵێنی بە واشنتن داوە کە وڵاتەکەی لە داهاتوودا بە هیچ شێوەیەک پاڵپشتی لە کارە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکان ناکات.