سێنتکۆم: هێرشی نوێمان کردە سەر ئێران

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی گەڕێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران بەکۆتا هێناوە، بەو ئامانجەی تواناکانی تاران لە بەئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە سڤیلەکان لە گەرووی هورمز لاواز بکات. 

لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆ) ئەمڕۆ پێجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند؛ هێزەکانیان لەم هێرشانەدا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانی کراونەتە ئامانج، کە پێکهاتبوون لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی چاودێریی کەناراوەکان، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستی سەربازی لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی پێشتریش زنجیرەیەک هێرشی سەرکەوتوو لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدرابوون.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەیەکدا هاتووە؛ هێزەکانی ئەمریکا لە 7ـی تەممووزدا نزیکەی 80 ئامانجی دیکەی سەربازییان پێکابوو، کە زیاتر لە 60 بەلەمی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدابوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەپاندنی باجێکی قورس بەسەر تاراندا دوای ئەوەی بە هێرشکردنە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز، رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردبوو.

لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی واشنتن، تاران رایگەیاند؛ هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی کاتیی سزاکان لەسەر نەوتی ئێران.

ئەمریکا و ئێران یەکتری تۆمەتبار دەکەن بە پێشێلکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی 17ـی حوزەیران، کە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە واژۆکرابوو لە 28ـی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردبوو. سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییانە، سەرۆکی ئەمریکا دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند، پێشبینی دەکات ئەم پەرەسەندنە سەربازییە بە زوویی کۆتایی بێت و ئەگەری گفتوگۆی زیاتریشی لە نێوان هەردوولادا بەدوور نەزانی، لە کاتێکدا فەرماندەیی ناوەندی جەختی کردەوە، هێزەکانیان بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێکی نوێی سەرۆکی وڵات لەوپەڕی ئامادەباشیدان.