ئیسرائیل: هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە
سەرچاوەیەکی سەربازیی ئیسرائیل رایگەیاند، تەلئەڤیڤ هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشانەوە نییە کە ئەمریکا کردوویەتیە سەر ئێران.
جەختیشی کردەوە، ئیسرائیل بە "خێرایی، بڕیاردەرانە و بەهێزەوە وەڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج". ئەم لێدوانەش دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەمریکا گەڕێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، بە واتای کۆتاییهاتنی رێککەوتنی ئاگربەست دێت و هۆشداری دا، هەر هێرشێکی دیکە ببێتە هۆی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەمریکی بە تۆڕی CNNی راگەیاندووە، بارودۆخەکە ناجێگیرە و هێزەکانی ئەمریکا لە حاڵەتی چاوەڕوانی و ئامادەباشیدان. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمریکا رایگەیاندووە لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە 80 پێگەی لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج.
لە بەرامبەردا، سەرچاوە سەربازییەکان ئاشکرایان کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران خەریکی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا.
لە بەیاننامەیەکدا فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆ) رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی گەڕێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران بەکۆتا هێناوە، بەو ئامانجەی تواناکانی تاران لە بەئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە سڤیلەکان لە گەرووی هورمز لاواز بکات.
سێنتکۆم ئەمڕۆ پێجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند؛ هێزەکانیان لەم هێرشانەدا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانی کراونەتە ئامانج، کە پێکهاتبوون لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی چاودێریی کەناراوەکان، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستی سەربازی لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی پێشتریش زنجیرەیەک هێرشی سەرکەوتوو لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدرابوون.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەیەکدا هاتووە؛ هێزەکانی ئەمریکا لە 7ـی تەممووزدا نزیکەی 80 ئامانجی دیکەی سەربازییان پێکابوو، کە زیاتر لە 60 بەلەمی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدابوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەپاندنی باجێکی قورس بەسەر تاراندا دوای ئەوەی بە هێرشکردنە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز، رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردبوو.
لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی واشنتن، تاران رایگەیاند؛ هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین، هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەڵگرتنی کاتیی سزاکان لەسەر نەوتی ئێران.