کوەیت و بەحرەین بەرپەرچی هێرشە نوێیەکانی ئێران دەدەنەوە و قەتەریش باری نائاسایی راگەیاند
سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتی سوپای کوەیت جارێکی دیکە بەرپەرچدانەوەی زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی دوژمنکارانەی راگەیاند. هاوکات شانشینی بەحرەینیش جەختی کردەوە، سیستەمە بەرگرییەکانیان رووبەڕووی هێرشی ئێرانی بوونەتەوە و توانیویانە ئامانجەکان تێکبشکێنن.
ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت کوەیت و بەحرەین، لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا دوای هێرشەکانی پێشوو دێت. چاودێران ئەمە وەک ئاماژەیەکی روون بۆ پەرەسەندنی بەردەوامی گرژییەکان لەلایەن تارانەوە دەبینن، سەرەڕای داواکارییەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و چەسپاندنی سەقامگیری.
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئاستی هەڕەشە ئەمنییەکان لە وڵاتەکەدا بەرز بووەتەوە. وەزارەتەکە داوای لە هاووڵاتیان و نیشتەجێبووان کردووە پابەندی رێنماییەکان بن، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لە پەنجەرە و شوێنە کراوەکان دوور بکەونەوە بۆ پاراستنی سەلامەتییان.
وڵاتانی کەنداو بە توندی سەرکۆنەی ئەم هێرشە نوێیانەیان کرد و رایانگەیاند، ئەم کارانەی ئێران بەڵگەی بەردەوامیی ئەو وڵاتەیە لە تێکدانی هەوڵە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی و چارەسەرکردنی قەیرانەکان.