قالیباف: گەرووی هورمز تەنیا بە مەرج و رێکاری ئێران دەکرێتەوە

محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، گەرووی هورمز تەنیا بەپێی رێکاری ئێرانی دەکرێتەوە.

قالیباف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی ئاڕاستەی ئەمریکا کرد و نووسیویەتی: "بە راشکاوی دەڵێم: ئەگەر هێرش بکەن، هێرشتان دەکرێتە سەر." ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە ئەمریکا تێبگات چیدی هەڕەشە و شکاندنی بەڵێنەکان بێ باج تێناپەڕێت.

لێدوانکەی قالیباف دوای لێدوانەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوێنێ چوارشەممە رایگەیاند فەرمانی داوە هێرشی نوێ بکرێتە سەر ئێران. ترەمپ هۆشداری دابوو، ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە رێگریکردن لە کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، ڕووبەڕووی دەرەنجامی زۆر خراپتر دەبێتەوە.

هاوکات سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند بۆ شەوی دووەم لەسەریەک هێرشیان کردووەتە سەر چەند ئامانجێک لە ناوخۆی ئێران، و میدیاکانی ئێرانیش پشتڕاستیان کردەوە، دەنگی تەقینەوە لە کەناراوەکانی باشووری وڵاتەکە بیستراوە.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی گواستنەوەی نەوت و گاز لە جیهاندا. لە کاتێکدا مانگی رابردوو لێکگەیشتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی کەشتییەکان واژۆ کرابوو، بەڵام دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان و هێرشە ئاسمانییە بەرانبەرەکان، دۆخەکەی گەیاندووەتەوە لێواری تەقینەوە.

ئێستا ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانی توندتر کردووە و ئێران دەڵێت؛ تا مەرجەکانی ئەوان جێبەجێ نەکرێت، رێگە بە کردنەوەی گەرووەکە نادەن.