دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە ئێران دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێرانییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێک پەیوەندییان بە واشنتنەوە کردووە، جەختی لەوەش کردەوە، هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر تاران، وەڵامێکی زۆر توندتر بووە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە پێشتر کرابوونە سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی "ئێرفۆرس وەن" ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان "کەمێک پێش ئێستا پەیوەندییان کردووە" گوتیشی "ئەوان دەیانەوێت رێککەوتنێک واژۆ بکەن."

سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، هێرشەکانی درەنگانی شەوی رابردووی وڵاتەکەی، بە ڕێژەی 20 هێندە بەهێزتر بوون لەو هێرشانەی کە ئێران کردبوویە سەر کەشتییە بازرگانییەکان و گوتی: "ئێمە بە توندی لێمان دان. کاتێکیش ئەوان هێرشیان کرد، ئێمە بە وەڵامێکی زۆر گەورەتر بەرپەرچمان دانەوە."

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، هێرشەکان بۆ سەر ئێران لە وەڵامی هێرشەکانی سەر کەشتییەکان بووە، هۆشداریشی دا، ئەگەر تاران دەست بۆ هەنگاوی زیاتر ببات، "دۆخەکە بەرەو خراپتربوون دەچێت".

ئەم لێدوانانەی ترەمپ دوای ئەوە دێن کە واشنتن فراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران راگەیاند، کە پێگەی سەربازی، بەندەرەکان و ئەو توانایانەی گرتەوە کە دەبنە هۆی هەڕەشە لەسەر کەشتیوانی لە گەرووی هورمز.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تواناکانی تاران لە بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە مەدەنییەکان لە گەرووی هورمز، هێرشیان کردووەتە سەر.

سێنتکۆم ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئەمریکا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانیان پێکاوە، لەوانە سیستمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکان، کۆگاکانی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، توانای دەریایی و ژێرخانی لۆجستیی سەربازی لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران.

ئەمریکا رۆژی سێشەممە، هێرشی کردبووە سەر زیاتر لە 80 ئامانج لە ناوخۆی ئێراندا، وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی ئێران کە کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هورمز کردبووە ئامانج.