سوپای پاسداران: بنکەکانی ئەمریکامان لە کوەیت و بەحرەین بۆردومان کرد
سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی فراوانی بە مووشەک و درۆن بۆ سەر چەند بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین راگەیاند،
سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، بڵاویکردەوە و رایگەیاند: "ژێرخان و دامەزراوە گرنگەکانمان لە بنکەکانی عەریفجان و عەلی سالم لە کوەیت، و بنکەکانی جوفەیر و شێخ عیسا لە بەحرەین پێکاوە." ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ دەستدرێژییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگا کەناراوەکانی باشووری ئێران.
تاران هەڕەشەی ئەوەش دەکات، وەڵامەکانی توندتر دەبن و دەڵێت: "ئەمە کۆتایی کارەکە نییە و ئەگەر ئەمریکا هێرشەکانی دووبارە بکاتەوە، بازنەی ئۆپەراسیۆنەکانمان بۆ سەر بنکەکانی دیکەی ناوچەکە فراوانتر دەکەین."
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی پلاتفۆرمی تروس سۆشیاڵەوە پشتڕاستی کردەوە، سوپای وڵاتەکەی چەند شارێکی ئێرانی بۆردومان کردووە. ترەمپ گوتی: "ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ تاران کە دوێنێ کەشتییەکانی بۆردومان کرد، ئەگەر جارێکی دیکە کارێکی وا بکەنەوە، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت."
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی گەڕێکی نوێی هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ئێران بەکۆتا هێناوە، بەو ئامانجەی تواناکانی تاران لە بەئامانجکردنی کەشتییە بازرگانییەکان و دەریاوانە سڤیلەکان لە گەرووی هورمز لاواز بکات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆ) ئەمڕۆ پێجشەممە، 9ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند؛ هێزەکانیان لەم هێرشانەدا نزیکەی 90 ئامانجی سەربازیی ئێرانی کراونەتە ئامانج، کە پێکهاتبوون لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەی چاودێریی کەناراوەکان، کۆگاکانی مووشەک و درۆن، لەگەڵ تواناکانی هێزی دەریایی و ژێرخانی لۆجستی سەربازی لەسەر درێژایی کەناراوەکانی ئێران؛ ئەمەش دوای ئەوە هات کە شەوی پێشتریش زنجیرەیەک هێرشی سەرکەوتوو لە ناوخۆی ئێران ئەنجامدرابوون.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەیەکدا هاتووە؛ هێزەکانی ئەمریکا لە 7ـی تەممووزدا نزیکەی 80 ئامانجی دیکەی سەربازییان پێکابوو، کە زیاتر لە 60 بەلەمی سەر بە سوپای پاسدارانی تێدابوو، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سەپاندنی باجێکی قورس بەسەر تاراندا دوای ئەوەی بە هێرشکردنە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز، رێککەوتنی ئاگربەستی پێشێل کردبوو.