ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران ئامادە دەبێت

ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەک ئامادە دەکات، رەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت. ئەمەش دوای ئەوەی سەرنجی واشنتن لە پرسی ئەتۆمییەوە گۆڕا بۆ جەنگێکی کراوە لەسەر گەرووی هورمز، کە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا.

کۆشکی سپی پێیوایە ئەو لێکگەیشتنە کاتییەی پێشتر لەگەڵ ئێران هەبوو کۆتایی هاتووە، ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز. لە بەرامبەردا ئەمریکا قۆناخی دووەمی هێرشە سەربازییەکانی بۆ ناوخۆی ئێران دەستپێکردووە.

بۆ یەکەمجار لە چەند مانگی رابردوودا، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا فراوانتر بوون و ژێرخانی ئابووریی و دامەزراوەکانی گواستنەوەیان لەناو خاکی ئێران کردووەتە ئامانج، بە مەبەستی کەمکردنەوەی توانای تاران بۆ هەڕەشەکردن لە هاتوچۆی کەشتییەکان.

بەرپرسانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، ماوەی ئەم گرژییانە بەستراوەتەوە بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئێران؛ رەنگە تەنیا چەند رۆژێک بخایەنێت یان بگاتە مانگێک ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان.

سەرۆک ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەست کۆتایی هاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی ئێران پەیوەندییان پێوە کردوون بۆ رێککەوتنێکی نوێ، بەڵام ئەو گومانی لەوە هەیە کە بتوانرێت متمانە بە لێکگەیشتن لەگەڵ تاران بکرێت و دڵنیا نییە لەوەی پابەندی رێککەوتن دەبن یان نا.

ئەولەویەتی ئێستای ئیدارەی ترەمپ پاراستنی هاتوچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانە لە گەرووی هورمز. ئەمریکا پێیوایە بەردەوامیی رۆیشتنی نەوت لە هەفتەکانی رابردوودا و جێگیربوونی نرخەکەی، دەرفەتێکی زیاتری پێداون بۆ ئەوەی گوشاری سەربازی زیاتر بخەنە سەر ئێران.

لە بەرامبەردا، ئێران رایگەیاندووە، رێکخستنی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز مافێکی سەروەریی خۆیەتی و هۆشداریی داوە کە وەڵامی هەر هێرشێکی ئەمریکا دەدەنەوە.

ململانێی نێوان واشنتن و تاران قۆناخێکی نوێی بڕیوە کە تیایدا کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز بووەتە سەنتەری کێشەکان و جێگەی دۆسیەی ئەتۆمی گرتووەتەوە.