میدیای ئێران: گەشتەکانی نێوان تاران و مەشهەد راگیران
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر 90 ئامانج لە خاکی ئێران، گەشتەکانی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەکان لە چەند ناوچەیەک راگیران؛ هاوکات لایەنە جیاوازەکانی تاران ئاماری دژبەیەک لەسەر ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاودەکەنەوە.
بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی و زیان گەیشتن بە ژێرخانەکان، گەشتەکانی فڕۆکەخانە و شەمەندەفەر لە چەند ناوچەیەک بەتەواوی راگیراون. میدیاکانی ئێران ئاماژەیان بەوە کردووە کە پردێکی گرنگی هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر لە شاری ئاق قەڵا و فڕۆکەخانەی ئێرانشەهر کراونەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتوچۆ لەو ناوچانەدا.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، ئامارەکان دژبەیەک و جیاوازن؛ وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاندووە 14 کەس کوژراون و 78 کەسیش بریندارن. لە بەرامبەردا میدیاکانی ناوخۆی ئێران باس لە کوژرانی تەنیا 3 کەس دەکەن، بەڵام سوپای ئێران ئامارێکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت 8 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون.
وەک وەڵامدانەوەیەک، سوپای پاسدارانی ئێران لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە "ژێرخانی گرنگی بنکەکانی ئەمریکا لە کوەیت و بەحرەین"ی کردە ئامانج و بارەگای فەرماندەیی دەریایی پێنجەمی ئەمریکای لە بەحرەین پێکاوە. سوپای پاسداران هۆشداریی داوە، لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەر هێرشێک، وەڵامەکانیان بۆ سەر تەواوی بنکەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکە فراوانتر دەکەن.
هاوکات محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران رایگەیاند، گەرووی هورمز تەنیا بە رێکاری ئێرانی دەکرێتەوە و هیچ هەڕەشەیەکی ئەمریکی کار لەو بڕیارە ناکات.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشیان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران ئەنجامداوە و 90 ئامانجی سەربازییان پێکاوە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەم هێرشانە وەڵامێک بوون بۆ بۆردومانکردنی کەشتییەکان و هۆشداریی دا "ئەگەر ئەمە دووبارە ببێتەوە، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت."