بەهۆی نەبوونی خانەی بێسەرپەرشتان لە هەڵەبجە؛ 40 منداڵ لای داپیر و باپیریان دەژین
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، پارێزگاکە لە چەندین پێداویستی و دامەزراوەی گرنگی چاودێری کۆمەڵایەتی بێبەشە و داوا لە حکوومەت دەکات بەدەم داواکارییەکانیانەوە بێت بۆ دابینکردنی شەڵتەر و خانەی بێسەرپەرشتان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تەمموزی 2026، داناحەمە شەریف، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان چەندین پێداویستی سەرەکیمان هەیە کە تاوەکو ئێستا بۆمان دابین نەکراون، سێ ساڵیشە بە نووسراوی فەرمی داوای کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتی و خانانە دەکەین."
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوە دا، لەو پارێزگایە هەر یەکە خانەی بێسەرپەرشتان، نەوجەوانان، بەساڵاچووان و شەڵتەری داڵدەدانیان نییە و گوتیشی "بەهۆی نەبوونی خانەی بێسەرپەرشتان، نزیکەی 30 بۆ 40 منداڵ لەلای داپیر و باپیریان ماونەتەوە و شوێنێکی فەرمی نییە بۆ پاراستن و چاودێریکردنیان."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، داناحەمە شەریف تیشکی خستە سەر کێشەی پەروەردەیی و نەبوونی پەیمانگای تایبەت بە نابیستان و نابینایان و گوتی "لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە کاتی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی، چەند قوتابییەکی نابیست و نابینامان هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی مامۆستای شارەزا لە زمانی ئاماژە، قوتابییەکان تووشی گرفتی گەورە بوونەتەوە."
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی هەڵەبجە باسی لەوەش کرد، کە هەڵەبجە پێویستی بە بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی ئەو توێژە بکەن.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی رابردوودا بە رەزامەندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەنتەرێکی تایبەت بە ئۆتیزم کراوەتەوە کە ئێستا 52 منداڵ تێیدا سوودمەند دەبن، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستییەکانی تری پارێزگاکە هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە و چاوەڕێی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانن.