نەخۆشخانەی رزگاری دەبێتە پێشکەوتووترین ناوەندی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان

بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری پزیشکی بە هاووڵاتییان، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆسەیەکی فراوان و هەمەلایەنەی نۆژەنکردنەوە لە نەخۆشخانەی رزگاری لە شاری هەولێر دەستیپێکردووە، ئەم پرۆژەیە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە تەواوی بەشەکان و سیستمی کارکردنی نەخۆشخانەکەدا دروست دەکات.

پێنجشەممە 9ـی تەمووزی 2026، نورجییهان عەلی شەعبان، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی رزگاری رایگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی رزگاری بەردەوامن و هەوڵدەدرێت بە باشترین کوالێتی و لە کەمترین ماوەدا کۆتاییان بێت، ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشخانەکە پێشکەوتووترین ئامێری پزیشکی بۆ دابین دەکرێت و دەبێتە یەکێک لە ناوەندە هەرە پێشکەوتووەکانی کەرتی تەندروستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە قۆناغەکانی کارکردن، قۆناغی یەکەم کە تایبەت بووە بە لابردنی ئامێر و کەلوپەلە کۆن و تێکچووەکان، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە، لە قۆناغی دووەمدا، نۆژەنکردنەوەی ژووری پزیشکان و هۆڵەکانی چاوەڕوانی نەخۆش دەستیپێکردووە و بەشێکیان ئامادەی کارکردنن، هاوکات یەکێک لە خاڵە دیارەکانی ئەم نۆژەنکردنەوەیە، جێگیرکردنی سیستمێکی نوێی گەرمکەرەوە و ساردکەرەوەیە کە بۆ یەکەمجارە لەسەر ئاستی نەخۆشخانە حکوومی و تایبەتەکان بەکاربهێنرێت و کێشەی چەندین ساڵەی ئەو نەخۆشخانەیە چارەسەر دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد سلێمان، بەرپرسی بەشی ئەندازیاری ئامێرە پزیشکییەکان لە نەخۆشخانەی رزگاری، جەختی لەوە کردەوە، ژوورەکانی نەشتەرگەری بە تەواوەتی نۆژەن دەکرێنەوە و نوێترین پێداویستی پزیشکییان بۆ دابین کراوە، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی کارەبای بەردەوام، سیستمی (UPS)ی تایبەت بۆ هەموو بەشەکان جێگیر دەکرێت.

هاوکات لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی فیزیکی، نەخۆشخانەکە بە تەواوەتی دەکرێتە ئەلیکترۆنی و سیستمی کاغەزی تیادا نامێنێت، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ پزیشک و نەخۆشەکان دەکات، هەروەها ئەم پرۆژە ستراتیژییە رەنگدانەوەی کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی خستووەتە پێشینەی کارەکانییەوە.