بەهۆی گەندەلی چەند بەرپرسێکی بانکی رافیدەین دەستگیرکران

هێزێکی هاوبەشی دەستەی دەسپاکی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە پارێزگای دیوانییە، چەند بەرپرسێکی بانکی رافیدەینیان دەستگیرکرد.

لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا لە پارێزگای دیوانییە، ژمارەیەک بەرپرسی بانکی رافیدەین بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی، دەستکاریکردنی دراو و دزینی سامانی گشتی دەستگیرکران.

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی لێکۆڵینەوە، ئەو بەرپرسانە فێڵیان لە جۆری ئەو پارانە کردووە کە لە بانکەکەدا بووە، بە جۆرێک پارەی جۆری 50 هەزار دینارییان گۆڕیوەتەوە بۆ جۆری (هەزار دیناری). ئەم تەڵەکبازییە بووەتە هۆی زیانگەیاندن بە سامانی گشتیی کە بڕەکەی بە ملیارێک و 600 ملیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.

دوای دەستگیرکردنیان رێکارە یاساییەکان بەرامبەر دەستگیرکراوەکان گیراونەتە بەر و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ئەندامانی ئەو تۆڕە و گێڕانەوەی پارە دزراوەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی عێراق رێکارە چاودێرییەکانیان لەناو دامەزراوە حکومییەکاندا توندتر کردووەتەوە و جەخت دەکەنەوە کە هەر جۆرە دەستکارییەک لە سامانی گشتی، رووبەڕووی سزای توند و لێپرسینەوە دەبێتەوە.

بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، دەزگای دژەتیرۆر و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێکی فراوانیان ئەنجام دا و تێیدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتار بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەستگیر کران.

هاوکات عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، کە حکوومەت رێگە نادات هیچ کەسێک یاری بە سامانی گشتییەوە بکات و گوتی "هیچ چاوپۆشیەک بۆ یاساشکێنان و دزانی سامانی عێراق نییە، کار بۆ گێڕانەوەی ئەو پارە و سامانانەش دەکەین کە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بە تاڵان براون".