ترەمپ بۆ ئێران: ئەگەر تیرۆرم بکەن، باجێکی زۆر قورس دەدەن

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، فەرمان و رێنمایی تایبەتی بۆ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی جێهێشتووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری سەرکەوتنی تاران لە پلانەکانی بۆ تیرۆرکردنی، بە توندترین شێوە و بە جۆرێک کە پێشتر وێنەی نەبووبێت، هێرش بکەنە سەر ئێران.

هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"ـی راگەیاند: "من دەزانم ماوەیەکی دورودرێژە لە لیستی ئەو کەسانە دام کە ئێران دەیەوێت تیرۆرم بکات؛ بەڵام رێنماییم بۆ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەم جێهێشتووە ئەگەر هەر شتێکی لەو شێوەیە رووبدات، بە مانای وشە بە جۆرێک بۆردومانیان بکەن کە پێشتر وێنەی نەبووبێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە، کە باس لە زانیاریی هەواڵگریی ئیسرائیل دەکەن سەبارەت بە پلانی کوشتنی لە لایەن ئێرانەوە، هاوکات ئاشکرای کرد، "نەخێر، نەخێر ئیسرائیل هیچ زانیارییەکی نوێی لەو بارەیەوە نەهێناوە؛ چونکە من بۆ ماوەیەکی دورودرێژە لە پلەی یەکەمی لیستی ئەو کەسانەم کە ئێران دەیەوێت تیرۆرم بکات، ئیدی ژیان بەو شێوەیە".

بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئێران لە ساڵی 2020ـەوە بە شێوەیەکی ئاشکرا هەوڵی تیرۆرکردنی ئەم سەرۆکە دەدات، بەهۆی ئەوەی ترەمپ فەرمانی بەو هێرشە ئاسمانییە کرد کە بووە هۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سەربازیی باڵای ئێران.

گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم هەفتەیەدا لە ئاستی گشتیدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەیان سەندووە؛ بە تایبەت لە کاتی مەراسیمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێراندا، کاتێک خۆپیشاندەرانی تابلۆ و پۆستەری زەبەلاحیان بەرزکردبووەوە کە تێیدا داوای کوشتنی ترەمپیان دەکرد.