ئەکسیۆس: هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو گەڕێکی نوێی دانوستانەکان لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەبچێت.
هەینی 10ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسی راگەیاندووە، کە هەوڵەکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان نەوەستاون و بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی هەردوو وڵات کۆببنەوە. بەپێی سەرچاوەکە، ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە سویسرا وەک شوێنێکی بێلایەن بۆ بەڕێوەچوونی ئەم گەڕە نوێیەی گفتوگۆکان هەڵبژێردرێت.
ئەم پەرەسەندنە دیپلۆماسییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکی نوێدا رایگەیاند کە ئێران داوای بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی کردووە و واشنتنیش رەزامەندی نیشان داوە. بەڵام ترەمپ هاوکات هۆشداری دابوو کە "ئاگربەست کۆتایی هاتووە"
هەروەها سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەر ئەمڕۆ هەینی، بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاند، شاندێکی دانوستانکاری قەتەر لە تارانن و زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران ئەنجام دەدەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکانی ناوچەکە و دۆزینەوەی زەمینەیەکی گونجاو بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانە گشتگیرەکان.
بەپێی گوتەی سەرچاوەکە، گفتوگۆکان جەخت لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تاران دەکەنەوە. هاوکات، شاندە قەتەرییەکە هەوڵ دەدات چارەسەر بۆ ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە بدۆزێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بوونە هۆی پەرەسەندنی ململانێ سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتی ئەو ناکۆکییانەی پەیوەستن بە ئاسایشی دەریاوانی و جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا.