ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان حووسییەکان و حکوومەتی یەمەن دواخرا
پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا و هەردوو لایەنیش یەکتر بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکە تۆمەتبار دەکەن.
هادی هیج، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی یەمەن بۆ دۆسیەی دیلەکان رایگەیاند، رۆژی هەینی، 10ـی تەممووز، نامەیەکیان لە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و نووسینگەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەیشتووە. لە نامەکەدا هاتووە، حووسییەکان رەتیانکردووەتەوە رێککەوتنی ئاڵۆگۆڕکردنی دیلەکان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا جێبەجێ بکەن و بۆ کاتێکی نادیار دوایانخستووە.
ئەو بەرپرسەی حکوومەت دەڵێت، تیمەکەیان هەموو رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان تەواو کردبوو. لە هەمان کاتدا حووسییەکانی بە هۆکاری پەکخستنی رێککەوتنەکە و لەباربردنی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتیی یەمەنییەکان تۆمەتبار کرد.
سەرۆکی تیمی دانوستانکاری حکوومەتی یەمەن پێی وایە، حووسییەکانی یەمەن دۆسیەی مرۆیی دیلەکان بۆ باج وەرگرتنی سیاسی، سەربازی و ئابووری بەکاردەهێنن.
لەلایەکی دیکەوە عەبدولقادر مورتەزا، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانی بۆ کاروباری دیلەکان لەلای حووسییەکان وەڵامی داوەتەوە و دەڵێت، هۆکاری دواکەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی لایەنی بەرانبەر لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان. ئەو جەختی کردەوە، ئەوان هەموو ئەرکەکانیان بەپێی خشتەی کاتی جێبەجێ کردووە و بە تەواوی ئامادە بوون بۆ ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەممووز.
سەرۆکی لیژنەی حووسییەکان ئاشکرای کرد، حکوومەت رەتیکردووەتەوە ناوی ئەو دیلانەی دیکە زیاد بکات کە لەلای ماونەتەوە، ئەمەش وای کردووە پرۆسەکە لە کاتی خۆیدا نەکرێت.
شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە دەستی پێکردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی گەورەترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا. لەم نێوەندەدا دۆسیەی دیلەکان یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکاندا. رۆژی 14ـی ئایاری رابردوو، لە عەممانی پایتەختی ئوردن، دوای سێ مانگ لە گفتوگۆ، حکوومەتی یەمەن و حووسییەکان رێککەوتنێکیان واژۆ کرد بۆ ئازادکردنی 1700 دەستبەسەرکراوی هەردوولا.
ئەم رێککەوتنە بە گەورەترین پرۆسەی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە یەمەن دادەنرێت و بڕیار بوو حەوت سعوودی و 20 سوودانیش بگرێتەوە لە نێو هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبیدا. بڕیار بوو پرۆسەکە رۆژی 11ـی تەممووزی 2026 جێبەجێ بکرێت.