کوەیت بەرپەرچدانەوەی چەند هێرشێکی ئێرانی راگەیاند

سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای کوەیت رایگەیاند، بەرپەرچی چەند هێرشێکی ئێرانی داوەتەوە و هاووڵاتیانیشی دڵنیا دەکاتەوە، کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان کارایە.

سوپای کوەیت بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای بڵاوکردووەتەوە و تێیدا دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیانی کوەیتی، کە ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ئاسمانی وڵاتەکەیان بیستراوە، بەرپەرچدانەوەی چەند هێرشێک بووە کە ئاسمانی کوەیتیان بەزاندووە.

هەروەها جەختی کردەوە و داوای لە دانیشتووانی کوەیت کردووە، لە پێناو پارێزراوی و سەلامەتی، پابەندی رێکار و رێنماییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان بن.

بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، هێزەکانی ئێران شەپۆلێکی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ سەر وڵاتانی بەحرەین، قەتەر، ئیمارات و کوەیت دەستپێکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هێرشانەی ئەمریکا کردبوویە سەر تاران، لە کاتێکدا ناوچەکە گرژییەکی ئەمنی توندی بەخۆیەوە بینیوە.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتییان کرد بەپەلە بچنە نزیکترین شوێنی ئارام.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی قەتەریش ئاستی هەڕەشە ئەمنییەکانی بەرزکردەوە و رێنمایی دا کە هەمووان لە ماڵەکانیان و شوێنە ئارامەکاندا بمێننەوە، وەزارەتی بەرگری قەتەریش جەختی کردەوە، هێزە چەکدارەکان بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکییان داوەتەوە کە کرابووە سەر وڵاتەکە.

لە ئیمارات، وەزارەتی بەرگری رایگەیاند، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی لە ئێستادا خەریکی وەڵامدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانن کە لە ئێرانەوە ئاراستە کراون، روونیشیکردەوە، ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات بیستراون بەهۆی کردەوەکانی بەرپەرچدانەوەوە بووە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ راگەیەندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات سەبارەت بە مامەڵەکردنی بەرگری ئاسمانی لەگەڵ هەڕەشە مووشەکییەکان.